پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 21/9/2026، بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەریەك لە بەڕێزان مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت، فهريقى يهكهم ڕوكن عەبدولئەمیر ئەلشەممەری، بهڕێوهبهرى نووسينگهى فهرماندهى گشتيى هێزه چهكدارهكانى عێراق و وەزیری كاروباری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە فەرماندەی پێشمەرگە و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ڕۆژتان باش..
ههموو لايهكتان زۆر بهخێر بێن.
بهخێرهاتنێكى تايبهتى بهڕێز فهريقى يهكهم ڕوكن عبدالامير الشمري، بهڕێوهبهرى نووسينگهى فهرماندهى گشتيى هێزه چهكدارهكانى عێراق دهكهم كە لێرە لەگەڵمان ئامادە بووە. ئامادهبوونی بەڕێزیان لێره، جهختكردنهوهيه لهسهر گرنگيى هاوكاريى نێوان سوپاى عێراق و پێشمهرگه، وهك بهشێك له سيستەمى بهرگريى عێراق، زۆر بە خێر بێی.
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێوڕەسمەدا پێكهوهين بۆ ڕاگهياندنى كۆتا ههنگاوى يهكگرتنهوهى هێزهكانى پێشمهرگه و دەستبەکاربوونی فەرماندەییی یەک و دووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەم هەنگاوە گرنگە، ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەی پەیکەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا نامێنێتەوە.
ئەم بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی چوار ساڵەی ئیمزاکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمهریکا (پێنتاگۆن) کە چوار ساڵ پێشتر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ئیمزا کرا. سوپاسى پشتگيرى و هاوكاريى بهردهواميان دهكهم بۆ ئەم پرۆسەیە و بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی لە جەنگی دژی تیرۆرستانی داعشدا.
بەردەوامیی ئەم هەوڵانەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ کاتێک لهسهر دهستى جهنابى سەرۆک مەسعوود بارزانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کرد.
ئهوه له كاتێكدا بوو كه پێشمهرگه لهژێر فهرماندهييى جهنابى سهرۆكدا ئهفسانهى داعشيان تێكدهشكاند، وهك چۆن پێشتريش ساڵى 2014 هەر بە فهرمانى جهنابيان پێشمهرگه چوونه كۆبانێ تاكوو بهرگریى لێ بكهن و لاپهڕهيهكى گهشيان له مێژووى گهلى كوردستان بۆ بەرگریكردن تۆمار كرد. بۆیە ئەمە بۆنەیەکە گەلی کوردستان ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی دەکات و ساڵانێکی زۆر لەپێناویدا هەموو لایەكمان کارمان کردووە.
ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەک لە پەیکەر و ڕێکخستندا، یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی نیشتمانیی گەورەیە لە کاروانی بنیاتنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا.
ساڵانی ڕابردوو بەردەوام گوتوومانە: کوردستان پێویستی بە یەک هێز، یەک وەزارەت و یەک فەرماندەیییە. گوتوومانە: دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیی دوور لە دەستتێوەردان و ناکۆکيی حزبی بێت. ئەمڕۆش، هەنگاوێکی گەورە بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.
ئامادەبووانی بەڕێز،
کاتێک مەترسی لەسەر کوردستان دروست بوو، جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەیەک و پێشمەرگەیەکی تر، ناوچەیەک و ناوچەیەکی تردا نەبوو. لە سەختترین کاتەکاندا، پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا وەستاون، پێکەوە قوربانییان داوە و خوێنیان لەپێناو پاراستنی یەک خاک و یەک گەلدا تێکەڵ بووە. ئەوەی لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا پێشمەرگەی یەکخست، ئەمڕۆ پێویستە لە دامەزراوە، فەرماندەیی و بڕیاریشدا یەکیان بخات.
پێشمەرگە خاوهن مێژوويهكى پرشنگداره. بۆیە ئەمڕۆ ئێمە ئەم مێژووە و سەرجەم ئەم قوربانیدانە لەناو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆ دەکەینەوە. مێژوویەک کە چەندین نەوەی پێشمەرگە دروستیان کردووە، دەکەینە هێزێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان. باشترین وەفاداریيش بۆ شەهیدانمان ئەوەیە قوربانیدانی ئەوان بکەینە بنەمای پێکەوەیی و یەکڕیزیی ناوخۆمان.
بەڕێزان،
یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتاییی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە ڕەنگە سەختتریش بێت. لەمڕۆ بەدواوە، پێویستە ئەم یەکڕیزییە لە هەموو شتێکدا ڕەنگ بداتەوە: لە فەرماندەیی و سەرکردایەتیدا، لە بڕیار و فەرماندا، لە مەشق و ڕێکخستندا، لە ماف و ئەرکدا، لە پلەبەرزکردنەوە و لە بڕوای سەربازی و دیسپلیندا.
پێویستە بۆ هەمووان ڕوون بێت کە دامەزراوەی سەربازی نابێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی. حزبەکان لە هەڵبژاردندا کێبڕکێ دەکەن، جیاوازی لە بەرنامە، دیدگا و هەڵوێستیاندا دەبێت، ئەمە لە هەر سیستەمێکی دیموکراسیدا شتێکی زۆر ئاسایییە. بەڵام پێشمەرگە پێویستە لە سەرووی کێبڕکێی حزبی بمێنێتەوە، چونکە هێزی حزبی نییە، بەڵکوو هێزی کوردستانییە.
بۆیە گەورەترین خزمەت کە ئەمڕۆ پێشکەش بە پێشمەرگەی بکەین ئەوەیە ڕێز لە دامەزراوەکەی بگیرێت، تاکوو ئەرکە پیشەیی و نیشتمانییەکانی خۆی بەبێ دەستتێوەردانی سیاسی و حزبی جێبەجێ بکات.
سەرکەوتنی ڕاستەقینەی یەکگرتنەوە بە ژمارەی ئەو یەکانە حساب ناكرێت کە خراونەتە ژێر چەتری وەزارەتەوە، بەڵکوو بەوە حساب دەكرێت کە هەر پێشمەرگەیەک هەست بکات دامەزراوەکەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەیە، سەرکردایەتییەکەی فەرماندەییی سەربازییەکەیەتی و هاوسەنگەرەکەی لە هەمان یەکەدا برای ئەرکیەتی، بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە کام لایەنە، یان خەڵکی کام ناوچەیە.
ئەمەیە ئەو پێشمەرگەیەی گەلی کوردستان دەيەوێت: پێشمەرگەیەکی پیشەیی، ڕێکخراو، هاوچەرخ، باش ڕاهێنراو و پڕچەککراو کە وابەستەی یاسا و دامەزراوەکان بێت، جێی متمانەی گەلەکەی و جێی ڕێزی دۆستەکانی بێت.
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ئێوە هێزی تەواوی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانیانن. ئەرکی ئێوە پاراستنی ئاسایش، شکۆ و ژیانی هەموو ئەو هاووڵاتییانەیە کە لەسەر ئەم خاکە دەژین، بەبێ جیاوازی. کورد، تورکمان، مەسیحی، ئێزدی، عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت لە جلوبەرگی پێشمەرگەدا هێزێک ببینن کە پارێزگاری لە هەمووان دەکات.
هاوکات، هێزی یەکگرتووی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراقی فیدراڵ. بەهێزکردنی تواناکانی و پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە خزمەت ئاسایشی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدایە و توانای هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراق زیاد دەکات.
بۆیە لێرەوە جارێکی تر داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵە لەگەڵ پێشمەرگەدا بکات و ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات و هەموو ماف و شایستەکانی مسۆگەر بکات.
هەر لەم بۆنەیەدا سوپاس، ستایش و پێزانینمان بۆ وڵاتانی دۆست دووپات دەکەینهوه: ئەمهریکا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو وڵاتە دۆستانەی کە لە شەڕی دژی داعشدا لەگەڵماندا وەستان، دواتریش لە بواری مەشق، چاکسازی، ڕێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا یارمەتیدەرمان بوون و لەگەڵماندا زۆر ماندوو بوون و بەرگەیان گرت.
سوپاس و پێزانین بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیتالیا و فەرەنسا. دۆستانمان زۆریان پێشکەش کردووە و ئێمە پشتگيرى و يارمهتييان زۆر بەرز دەنرخێنین.
بەڵام سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێش هەموو شتێک پشت بە ئیرادەی خۆمان دەبەستێت. ئەوەی ئەمڕۆ پێی گەیشتین بەرهەمی هاوکاری، ئیرادە و بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانیی کوردستانییە. بۆيه سوپاسى پارتى ديموكراتى كوردستان و يهكێتيى نيشتمانيى كوردستان دهكهم بۆ بڕيار و ئيرادهى سياسييان بۆ سەرخستنى ئهم پرۆسهيه.
سوپاسی ئهرك و ههوڵهكان و پشتگيريى بهردهوامى براى بهڕێزم كاك مهسروور بارزانى، سهرۆكوهزيرانى ههرێمى كوردستان دەكەم كە هەموو هەوڵی خۆی دا لەم چەند ساڵەدا بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ڕێكوپێكی بەرەو پێشەوە بڕوات و یەك بگرێتەوە.
سوپاسی ههوڵهكانى براى بهڕێزم كاك قوباد تاڵهبانى، جێگرى سهرۆكوهزيران دەكەم، سوپاس و دهستخۆشى لە تیمەکانمان لە سەرۆکایەتیی هەرێم، له حكوومهتی هەرێمی كوردستان دەكەم، سوپاس بۆ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆک، بهڕێز كاك مستهفاى سهيد قادر جێگرى سهرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئهركهكانى لهو سهردهمهدا كه وهزيرى كاروبارى پێشمهرگه بوو.
سوپاس و دهستخۆشى بۆ بهڕێزان وهزير و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، فەرماندە، ئەفسەران، لیژنە و تیمەکان کە بە درێژاییی ئەم ساڵانە دڵسۆزانه، وەفادارانە کاریان کردووە، لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدار بوون لە گەیشتن بەم قۆناغە.
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتیى هەرە گەورەی ئێوە دەست پێ دەکات. کاتێک جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەر دەکەن، ئیتر ئێوە پێشمەرگەی کوردستانن. پارێزگاری لەم یەکڕیزییە بکەن. مەهێڵن ناکۆکییە سیاسییەکان ببێتە كۆسپ لە نێوانتان. ڕێگە مەدەن هیچ ئینتیمایەک لە هاوسەنگەریتان، لە دامەزراوە و ئەرکەکەتان بەهێزتر بێت. گەلی کوردستان باجێکی گەورەی لەپێناو ئازادی، ئاسایش و شکۆی خۆیدا داوە و پێشمەرگە هەمیشە پێشەنگی ئەم قوربانیدانە بووە.
هەر لەم بۆنەیەدا بە ڕێز و شکۆوە هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بە بیر دەهێنینەوە کە لەپێناو ئازادیدا و بۆ بەرگریکردن لە کوردستان گیانیان بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرز و خۆڕاگریان دەنێرین.
سڵاو لە شەهیدانی زیندوو، ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە بەرەکانی بەرگريدا بۆ پاراستنی کوردستان بریندار بوون. سڵاو و ڕێزیان بۆ دەنێرین و بە ڕێزەوە لە قوربانیدانیان دەڕوانین.
سڵاو لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لە فەرماندەکانیان.
دروود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەکتان.
دەمەوێ لە كۆتاییدا سوپاسی برای بەڕێزم كاك مەسروور بكەم كە ئەمڕۆ پیرۆزباییی ڕۆژی لەدایكبوونی لێكردم، زۆر سوپاس و سەلامەت بن.