Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا (بە وەکالەت) کرد

2026-01-19T12:10:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2026/1/19 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ماتیاس ویلەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا (بە وەکالەت) لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکاندا، ڕەوشی ناوخۆ و دۆخی عێراق و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، خرانە بەر باس.

لە تەوەری ناوخۆدا، باس لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ کرا، تیایدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی دیدار و گفتوگۆ سیاسییەکان لەپێناو بە زوویی سەرخستنی پرۆسەکە و تێپەڕاندنی قۆناغەکە، کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ڕەوشی عێراق و پەرەسەندنەکانی دوای دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵسەنگێنرا و بیروڕا سەبارەت بە هەنگاوە دەستوورییەکانی داهاتوو کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانە، ئاڵوگۆڕ کرا.

لێکدانەوەی ڕووداو و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و شیکردنەوەی لێکەوتە و کاردانەوەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.