Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى و سەرۆكوەزیران ئه‌لسوودانی جەخت لە پاراستنی سەقامگیری دەکەنەوە

2026-03-06T15:47:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ی ئەمڕۆ هەینی 2026/3/6 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەڕێز محەمەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان تاوتوێ کران. هەردوولا ڕەتکردنەوەی ئەو هێرشانەیان دووپات کردەوە کە دەکرێنە سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جەختیان کردەوە کە نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە یان هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هەروەها پشتگیریی خۆیان بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە نیشان دا کە دەبنە مایەی بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هەردوولا داکۆکییان لەسەر پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە پارێزگاری لە سەروەریی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی بکرێت.

لای خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و پشتگیری لە هەموو هەوڵە نیشتمانییەکان دەکات بۆ بەدوورگرتنی عێراق لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێ له‌ ناوچەکه‌.