Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکۆماری عێراق کۆبوونه‌وه‌

2025-01-13T12:18:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢٠٢٥/١/١٣ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ بەڕێز د. عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، سه‌رکۆماری عێراقی فیدراڵ کۆبووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی وڵات و پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ دوایین پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌، تاوتوێ کران.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی به‌رده‌وامیی گفتوگۆی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتداره‌ فیدراڵییه‌کان و تێپەڕاندنی خاڵە ناکۆکەکان بەپێی یاسا و دەستوور و دابینکردنی شایستە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرده‌وه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی سەردانەکانی نێوان لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێگەیشتنی هاوبەش و بەهێزکردنی بنەماکانی دیالۆگی بنیاتنەر و کارا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌سته‌کان.

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی داکۆکی له‌ پێویستیی دابینکردنی شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن حکوومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ کرد و دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ لێکگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان، یارمەتیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هه‌ردوولا ده‌دات، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵه‌کانی به‌ڕێز سه‌رکۆماری کرد بۆ په‌رۆشییان و به‌دواداچوونی پرسه‌کانی هه‌ولێر - به‌غدا.