Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى داكۆكى له‌ پێكه‌وه‌ژيان و مافى پێكهاته‌كان ده‌كاته‌وه‌

2025-07-31T08:50:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2025/7/31 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز ئايدن مه‌عرووف، وه‌زيرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێكهاته‌كان و شاندێكى ياوه‌رى كرد و له‌ ديدارێكدا، دۆخى پێكهاته‌كان و هاوبه‌شى و به‌شدارييان له‌ ژيانى سياسى و كارگێڕيى هه‌رێمى كوردستاندا تاوتوێ كرا.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستانى به‌ پاراستن و بره‌ودان به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌ كوردستانييه‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها داكۆكیى له‌ هاووڵاتيبوون و ماف و ئه‌ركه‌كانى هه‌موو پێكهاته‌كان كرد.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز ئايدن مه‌عرووف، وێڕاى ده‌ربڕينى ستايش و پێزانينى پێكهاته‌كان بۆ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان له‌ هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌ ڕۆڵ و هاوبه‌شى و به‌شداريى پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان له هه‌موو كايه‌كانى ژياندا كرده‌وه‌.