Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ده‌ستكه‌وته‌كانى كوردستان ئاسان به‌ده‌ست نه‌هاتوون

2024-09-14T19:28:00.000000Z
هه‌واڵ وتار

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/9/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سه‌ردانێكيدا بۆ شاری دهۆك، ئاماده‌ى نمايشێكى شانۆيى بوو به‌ ناوى (داستانا كوردستانێ) كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ مێژووى خه‌بات و تێكۆشانى كورد و گه‌لى كوردستان له‌پێناو ئازادى و مافه‌كانيدا.

شانۆگەرییەکە، به‌ به‌شداريى زياتر له‌ دوو سه‌د هونەرمەند و شانۆکار كه‌ كارى نواندنيان تێدا كردووه‌ و ساڵێك و حه‌وت مانگ كارى له‌سه‌ر كراوه، نمایشکرا،‌ دواى ته‌واوبوونى، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ وته‌يه‌كدا ده‌ستخۆشى و سوپاس و پێزانينى ئاراسته‌ى به‌رهه‌مهێنه‌ران و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ران و هه‌موو ئه‌وانه‌ كرد كه‌ به‌شدارييان تێدا كردووه‌.

له‌ وته‌كه‌يدا به‌ڕێزيان باسى له ناوه‌ڕۆك و په‌يامى نمايشه‌كه‌ كرد و به‌ شاكارێكى هونه‌ریی له‌ قه‌ڵه‌م دا كه‌ مێژوو و چيرۆك و سه‌ربرده‌ى خه‌بات و تێكۆشانى كورد و گه‌لى كوردستان ده‌گێڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هيواى خواست ئاماده‌بووانى نمايشه‌كه‌ كه‌ قوتابيى زانكۆ بوون، په‌يامه‌كه‌يان وه‌رگرتبێت.

به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها تيشكيان خسته ‌سەر لايه‌نێكى ديكه‌ى كاره‌ هونه‌رييه‌كه‌ كه‌ ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانى ئه‌مڕۆى هه‌رێمى كوردستان وا ئاسان به‌ده‌ست نه‌هاتوون، به‌ڵكوو ئه‌نجامى خه‌باتێكى دوورودرێژ و ڕه‌نجى بێوچانى نه‌وه‌كانى پێشووه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ سووربوونی گه‌لى كوردستان له‌سه‌ر تێكۆشان و به‌رخودان تا گه‌يشتن به‌ مافه‌كانى كرد كه‌ له‌و پێناوه‌دا شه‌هيد و قوربانيى زۆرى داوه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى وته‌كه‌يدا به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌وه‌ كرد كه‌ داهاتووى وڵات ئه‌مانه‌تێكه‌ له‌ ئه‌ستۆى گه‌نجانى ئه‌مڕۆدا، هه‌روه‌ها تيشكى خسته‌ سه‌ر گرنگيى كارى هونه‌ری بۆ ناساندنى مێژوو و دۆزى ڕه‌واى گه‌لى كوردستان و‌ به‌سه‌رهاته‌كانى به‌ جيهان. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ ئه‌و كاره‌ هونه‌رييانه‌ دووپات كرده‌وه‌.