Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌يد عه‌ممار ئه‌لحه‌كيم كۆبووه‌وه‌

2025-01-13T19:08:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

هه‌ر له‌ درێژه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2025/1/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ به‌ڕێز سەید عەممار ئه‌لحەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی، کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گرنگيی بەهێزکردنی تێگەیشتنی نیشتمانيى نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و پێویستيی کاری هاوبەشیان تاوتوێ کرد بۆ دەستەبەرکردنی بەشداريی هەموو پێکهاتەکانی وڵات لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگيى پابەنديى بە دەستووره‌وه‌ وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان پێکهاتەکانی وڵاتدا.

هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم وڵات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بنیاتنانی دیدگایەکی یەکگرتوو کە پشتگیريی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق بکات.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسیان لە پەرەسەندنەکانی ناوچه‌كه‌ كرد و جەختیان لە بره‌ودان به‌ هاريكارى و هەماهەنگيی هاوبەشى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی، به‌سه‌ر وڵاته‌وه‌.