Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: نابێ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژارندا لايه‌نه‌كان يه‌كترى بشكێنن

2024-09-15T13:08:00.000000Z
لێدوان هه‌واڵ

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ده‌ڤه‌رى بادينان، ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/9/15 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پرۆژه‌ی كۆڕنیشی زاخۆی به‌سه‌ركرده‌وه‌.

دواتر له‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ڕۆژنامه‌نووساندا سه‌باره‌ت به‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی گوتی: "د چارچۆڤا سه‌ردانا مندا بۆ پارێزگه‌ها دهۆكێ، من ئه‌ڤرۆ سه‌ردانا ئیداره‌یا سه‌ربخۆ یا زاخۆ كر و دگه‌ل ڕێزدار گوهدار شێخۆ سه‌رۆكێ ئیداره‌یا زاخۆ، من ڤیا سه‌ردانا هنده‌ك جهێت كو خزمه‌تگوزارى تێدا هاتینه‌ كرن ببینم. ئێك ژ وان جها دروستكرنا ڤێ پرۆژێ بوو ئه‌ڤێ ل پشت مه.‌ ب ڕاستی ئه‌و تشتێ من دیتی فه‌ره‌ ئه‌ز ببێژمێ هزار جارا ده‌ستخۆشیێ دكه‌م و ئه‌ڤ پرۆژه‌ بتنێ نییه. د ڤان سێ ساڵادا كاره‌كێ زۆرێ باش و خزمه‌تگوزارییه‌كا گه‌له‌كا جوان یا بۆ باژێڕێ زاخۆ و ئیداره‌یا سه‌ربخۆ یا زاخۆ ل هه‌می جهه‌كی هاتییه‌ كرن."

"ئه‌و تشتێ ئه‌ز دبێژم ئه‌ڤه‌یه‌: هیڤیدارم ئه‌ڤ نموونه‌یه‌ هه‌ر زێده‌تر ببن و ملله‌تێ مه‌ هه‌ژی خزمه‌تگوزارى یێت زێده‌تره‌. ملله‌تێ مه‌ یێ ماندی بووی و هه‌ژی ڤان خزمه‌تگوزارییایه.‌ ب ڕاستی پڕ ب دڵ ئه‌ز ده‌ستخۆشیێ ده‌ستپێكێ ل سه‌رۆكێ ئیداره‌یا سه‌ربخۆ یا زاخۆ كاك گوهدار دكه‌م، دگه‌ل هه‌می تیمێت وان و ئه‌گه‌ر من ناڤ نه‌ئینابن، حه‌ز دكه‌م ببوورن، به‌س من به‌حسێ هه‌می فه‌رمانگه‌هێن وانه‌. من به‌حسێ هه‌می وان كه‌سانه‌ يێت كو زه‌حمه‌ت دیتی بۆ زێده‌كرنا خزمه‌تگوزاريان و كارێت باش بۆ ملله‌تێ مه‌، ده‌ست خۆش بیت".

ده‌رباره‌ى چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و شێوازی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌رێزیان ڕایگه‌یاند: "هێشتا بۆ بانگه‌شه‌ ماوه‌ و پێموایه‌ له‌ قسه‌كانی ڕابردوو و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌ ده‌بێت شێوازی بانگه‌شه‌ به ‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ كه‌س كه‌س نه‌شكێنێت، له‌ ئه‌نجامدا ئێمه‌ هه‌موومان له‌ كه‌شتييه‌كداين. هه‌ڵبژاردن شتێكی ئاساییيه، ‌هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، به‌ڵام یه‌كترشكاندن و یه‌كترسڕینه‌وه‌ ئه‌وه‌یان به‌ دیدی من نابێت ئه‌وه‌ بكه‌ین و نابێت بگاته‌ ئه‌و قۆناغه‌. ده‌بێت بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به ‌شێوه‌یه‌ك نه‌بێت كه‌ ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان تێكبدرێت. سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانیش، حكوومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا تا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و ئێمه‌ سیاسه‌تمان دیاره‌ كه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن".

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ى مه‌ولووددا ده‌نگی خۆشه‌، سه‌رۆك نێچیرڤان ئاشكرای كرد: "هنده‌ك ژی دبێژن كو ده‌نگێ من زۆر یێ نه‌خۆشه‌ و هه‌ردووك یێت هه‌ی، من نه‌دیتبوو، ب ڕاستی من ژی وه‌كی وه‌ ل سۆشیال میدیایێ دیت و یا به‌ری بیست و هه‌شت سالانه‌، ڤێجا ئه‌وێت كو دبێژن ده‌نگێ ته‌ یێ خۆشه‌ ئه‌ڤه‌ باشه‌ و ئه‌ڤێت كو دبێژن ده‌نگێ ته‌ یێ نه‌خۆشه،‌ بلا ببوور‌ن."

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ پارێزگای دهۆك و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هاتنا مه‌ زێده‌تر بۆ هندێ بوو دا بزانین كا ڕه‌وشا ئێره‌ چییه‌. ده‌ستخۆشیێ ل وان هه‌می كارێت باش دكه‌م یێت ل دهۆكی و ب تایبه‌تی ژی كو ئه‌ز ئه‌ڤرۆ یێ ل زاخۆ و ئه‌ز یێ داخبارم ب ڤان كار و خزمه‌تێت كو لێره‌ هاتیه‌ كرن. ته‌نها په‌یاما من په‌یاما ده‌ستخۆشیێیه‌، عه‌مردرێژ بن و هيڤيدارم هه‌ر سه‌ركه‌فتى بن."

سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانيش، به‌رێزیان ڕایگه‌یاند: "تا ئێستا ڕێگه‌ نه‌دراوه‌. حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه‌ و كێشه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم نییه‌، ده‌بێت له‌ به‌غدا ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر نا وه‌كوو حكوومه‌تی هه‌رێم ئێمه‌ ئاماده‌ین."

سه‌باره‌ به‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد: "پشتی ئه‌و شاندا كو ل به‌غدا هاتی، هه‌تا ڤێ گاڤێ تشتێ ڕوون ئه‌ڤه‌یه‌ مووچه‌ دێ هێته‌ دان، بێگومان ئه‌م داخوازا لێبوورینێ دكه‌ین هنده‌ك جارا گیرۆ بوون، كێم ـ زۆر، به‌س ئه‌ز باوه‌ر ناكه‌م بۆ پرسا مووچا ژی كێشه‌ بهێته‌ پێش."