Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسى ئیتالیا ده‌كات

2026-09-15T18:36:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2026/9/15، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ به‌ڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا له‌ عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

له‌ دیدارێكدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیتالیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کرا. بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕۆڵ و پشتیوانیی بەردەوامی ئیتالیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هاوکاریی سەربازی و مرۆیی و په‌ره‌پێدان و بواری شوێنه‌واردا دووپات کردەوە.

لای خۆیەوە، به‌ڕێز باڵیۆزی ئیتالیا جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و بەردەوامیی هاريکاریی هاوبەشى نێوانيان کردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ئيتاليا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و له‌ ئاسايش و سه‌قامگيرييان ده‌ڕوانێت و له‌ پشتگيريكردنيان به‌رده‌وام ده‌بێت.

بارودۆخی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، لەگەڵ دوایین پێشهات و گرژییەکانی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی ديداره‌كه‌ بوو کە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنێ، كونسوڵی گشتیی ئیتالیا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی بوو.