Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی سەرۆک نێچيرڤان بارزانى لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

2026-03-05T06:00:00.000000Z
هه‌واڵ

ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئاداری ١٩٩١ دەکەینەوە. بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەم. سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و تەواوی شەهیدانی کوردستان دەنێرم.

ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی گەلی کوردستان بوو له‌ ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری و هەنگاونان بەرەو ئازادی و سەرفرازی. ئەم یادە پیرۆزە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردا تێده‌پەڕێت. پەرەسەندنی گرژییەکان و لێکەوتە نەرێنییەکانی ململانێکان، بەرپرسیاريه‌تییەکی گەورە دەخەنە سەر شانی هەموومان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکیی ئارامی و ئاشتی دەبێت و نابێته‌ بەشێک لە هیچ ململانێ و پەرەسەندنێکی سەربازی کە زیان بە ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان بگەیەنێت. پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە دەستوورییەکانمان، تەنیا بە یەکڕیزی، تەبایی و بەرپرسیاريه‌تیی هاوبەشی نيشتمانيى هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دەبێت.

با ئەم یادە هاندەرمان بێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی. وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە کە پێکەوە و دەست لەناو دەست؛ کار بکەین بۆ پاراستنی سەقامگیری و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان.

سڵاو لە یادى ڕاپەڕین.
ئارامی و سەقامگیری بۆ کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٣/٥