Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئوردن داكۆكى لە بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکان دەکەنەوە

2026-04-17T12:00:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆی ئەمڕۆ هەینی 2026/4/17 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هه‌ر لە به‌رده‌واميى کارنامەکەیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، لەگەڵ بەڕێز ئەیمەن ئەلسەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی شانشینی ئوردنیی هاشمی، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە مێژوویيیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ شانشینی ئوردن و پەرەپێدانی زیاتری هاریکاریی نێوانيان تاوتوێ کران. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئوردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، دوا پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و گرژییەکان بوو. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی کارکردنی پێكه‌وه‌يى و هاريكارى بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان له‌ ناوچه‌كه‌.