Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و باڵيۆزى به‌ريتانيا تاوتوێى په‌يوه‌ندييه‌كان ده‌كه‌ن

2025-10-13T11:18:00.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/10/13 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ به‌ڕێز ئيرفان سديق، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق كرد.

له‌ ديدارێكدا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ باس له‌ دوايين سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ توركيا و دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌و وڵاته‌ كرا. به‌ڕێز باڵيۆزى به‌ريتانيا ستايشى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كردنه‌وه‌ى ئاسمانى توركيا به‌ ڕووى گه‌شته‌ ئاسمانييه‌كاندا بۆ سلێمانى كرد.

پێشهاته‌كان و دۆخى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سووريا و ڕه‌وشى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى، لايه‌نێكى ديدكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێز كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو.