Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: ڕه‌خنه‌ یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی هێزی وڵاته‌

2026-09-27T19:27:00.000000Z
هه‌واڵ وتار

ئێواری ئەمڕۆ یەكشەممە 2026/9/27، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بیستەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی زانكۆی كوردستان ـ هەولێردا كرد و به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ وتارێكى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:


ميوانانی بەڕێز،
ئەندامانی زانکۆ،
قوتابییان، دەرچووان و دۆستانی ئازیز،

ئێواره‌تان باش،

خۆشحاڵم كه‌ ئه‌م ئێواره‌يه‌ هه‌موومان بۆ يادى بيست ساڵه‌ى دامه‌زراندنى زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر، لێره‌ پێكه‌وه‌ين .

تا ئازاديى عێراق له‌ ساڵی 2003، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌نيا يه‌ك كارى له‌پێشينه‌مان هه‌بوو، ئه‌ويش مانه‌وه بوو‌. بۆيه‌ هه‌موو وزه‌ و تواناى خۆمان ته‌نيا لەو كاتەوە بۆ مانەوە تەرخان کردبوو. دواجار له‌گه‌ڵ ئازاديى عێراقدا، ئومێدێكى نوێ بۆ گه‌له‌كه‌مان دروست بوو. دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا تا بەشێکی زیاتری توانامان بۆ بنیاتنان تەرخان بکەین. ئه‌وه‌ بوو بیست ساڵ لەمەوبەر، ئێمە دەستمان بە شتێکی نوێ کرد.

ساڵی 2006، هەرێمی کوردستان خۆی دەچوو بۆ قۆناغێکی نوێ. ئێمە ڕێگەوبان، دامەزراوە و پەیوەندیمان لەگەڵ جیهاندا بنیات دەنا. بەڵام ئەوکات بڕوام وابوو، ئەمڕۆش بە باوەڕێکی قووڵترەوە بڕوام وایە کە گرنگترین وەبەرهێنان بتوانین بیکەین، وەبەرهێنانە لە زانست و له‌ نيشتماندا. لەبەر ئەوەش بوو زانکۆی کوردستان ـ هەولێرمان دامەزراند.

کاتێک ئەم زانکۆیه‌مان دامەزراند، ئامانجێکی ڕوون و نەگۆڕمان هه‌بوو: ئێمە ويستمان له‌ته‌ك زانكۆكانى ديكه‌ى كوردستاندا، زانكۆيه‌كى نوێ كه‌ ببێته‌ يه‌كێك له‌ باشترينه‌كانى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌، دابمه‌زرێنين. زانکۆیەکمان دەویست خوێندن تيایدا بە زمانی زانستيی سەردەم بێ. زانکۆیەک کە بە جیهانەوە بەسترابێته‌وە، پابەندى ستانداردی باڵای ئەکادیمی بێت و ڕێز لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ بگرێ. به‌ر له‌ هەموو شتێک، دەمانویست گەنجانمان فێر بن چۆن بیر بکەنەوە، بیرکردنەوەیەکی دروست و بابەتییانە.

به‌ڕێزان..

دوای بیست ساڵ، زۆر شت هەن کە مایەی شانازی و پێزانينن. زانكۆ ده‌بێ شانازى بكات به‌وه‌ى كه‌ زیاتر لە (٣,٧٠٠) گەنجی ئەم نیشتمانەى ده‌رچوواندووه‌. شانازی بە ڕۆڵی کاریگەریان بكات لە ئاوەدانکردنەوە و لە پێشخستنی کوردستاندا.

به‌وه‌ى له‌سەدا (٧٥) ده‌رچووان بە کارایی لە بازاڕی کاردان و لەسەدا (٩٠)ی ئەو ڕێژەیە بوونەتە بڕبڕەی پشتی کەرتی تایبەت، لە پاڵ ئامادەیيی بەهێزیان لە کەرتی گشتی و خوێندنی باڵادا. هەروەها زیاتر لە (١٥٠) دەرچووی ئەم زانکۆیە نەک هەر بەدوای ده‌رفه‌تى کاردا نەگەڕان، بەڵکوو بوونە دەستپێشخەر و ده‌رفه‌تى کاریان بۆ سەدان گەنجی دیکەی كوردستانیش ڕەخساند.

ئەمڕۆ دەرچووانی زانكۆى كوردستان ـ هه‌ولێر لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، بزوێنەری سەرەکیی گەشەپێدان و بەڕێوەبردنن، بە کردەوەش سەلماندیان کە گرەوکردن لەسەر پەروەردەی سەردەمییانە و پێگەیاندنی تاکی بەتوانا، سەرکەوتووترین ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ وڵاتەكەمان.

بەڵام ئه‌و بیست ساڵە شتێکیشی فێر کردین کە ساڵی ٢٠٠٦ بە دروستى پێمان نه‌ده‌زانى: دامەزراندنی دامەزراوەیەک دەستکەوتێکە، بەڵام بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە توانای فێربوون، گۆڕانکاری و مانەوەی هەبێت، دەستکەوتێکی دیکەیە.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، گوزەری کاروانی زانکۆ بێ گرفت نەبووە. لەگەڵ دەستکەوتی بەرچاو، بەربەستی سەختیش هاتوونە ڕێ. بڕیاری باش هەبوون، بڕیاری واش هەبوون کە پێویستییان بە پێداچوونه‌وه‌ هەبووە. پێویست بوو لەسەر زانکۆ فێر بێت، خۆی بگونجێنێت، هەڵەکان ڕاست بکاتەوە و بەرەو پێشه‌وه‌ هەنگاو بنێت.

نابێت گلەیی لە ڕابردووی زانکۆ بکەین، بەڵکوو دەبێت لێیەوە فێر بین. چونکە دامەزراوە بەوە بەهێز نابێت خۆی وا پیشان بدات کە هەڵەی نەکردووە. بەڵکوو به‌ دیاريکردنی هه‌ڵه‌كانى و ڕاستکردنەوەیان، دامەزراوەكە به‌هێز ده‌بێت. ڕەنگە دوای بیست ساڵ، زانکۆ وێنەیەکمان پیشان بدات کە تيایدا بەشێک لە کاروانی کوردستانیش ببینین.

به‌ڕێزان..

ئەگەر تەماشای هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦دا بکەن، ئەمڕۆش ته‌ماشاى هەرێمی كوردستان بکەين، جیاوازییەکی مەزن بەدی دەکەین. ئێمە ئەمڕۆ كۆمه‌ڵێک‌ شتمان بەدی هێناوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دوور دەبینرا بتوانين بيكه‌ين. ژێرخان و دامەزراوەمان بنیات ناوە، دەرگای کوردستانمان بەڕووی جیهاندا کردووەتەوە، پەیوەنديی نێودەوڵەتیمان بەهێز کردووە، نەوه‌یەکی نوێ و لێهاتوومان پێگەیاندووە.

هەموو ئەوانە بۆ نەوەکانی پێشوو وێناکردنیان سه‌خت بوو. بەڵام گوزەری کاروانی ئێمەش بێ گرفت نەبوو. ڕووبەڕووی تیرۆر و شەڕ بووینەوە، شەڕی شکاندنی داعشمان کرد. پێشوازیمان لە ژمارەیەکی گه‌وره‌ى ئاوارە و پەنابەر کرد. بەرگەی قەیرانی ئابووری، ناکۆکیی سیاسی، پەیوەندیی ئاڵۆز لەگەڵ بەغدا و ناسەقامگیریمان لە تەواوی ناوچەکەدا گرت.

هەندێک لە کێشەکانمان لەو بارودۆخانەوە هاتن کە ناوچەکەمان پێيدا تێدەپەڕێت و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوون. هەندێکیشیان دەستکردی خۆمان بوون. دەبێت ئەو متمانەیەشمان بە خۆمان هەبێت کە جیاوازی لەنێوانیاندا بکەین. چونکە ئەو وانەیەی لەم بیست ساڵەدا وەرمانگرتووە ئەوە نییە کە ئێمە لە هەموو شتێکدا ڕاستمان پێکابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى وا نەبووە.

وانەکە ئەوەیە کە پێشکەوتن پەیوەستە بە توانای ئێمه‌وە بۆ فێربوون. ئەوەی بەسوودە، دەبێت بیپارێزین و برەوی پێ بدەین. ئەوەی بێ سوودە، دەبێ بیگۆڕين. ئەوەی کۆن بووە، دەبێت نوێی بکەینەوە بە شێوەیەک کە باشتری بکەین. کاتێکیش ئەو بژاردانەی لەبەردەستماندان بەپێی پێویست باش نامێننەوە، دەبێت بوێری و بیری داهێنانی بژاردەی نوێمان هه‌بێت.

ئەم بنەمایە لە ناخی زانکۆوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر زانکۆ قوتابییەکانی فێر بکات کە گومان لە نه‌گۆڕه‌كان بکەن، بەڵگە بپشکنن و ڕەخنەگرانە بیر بکەنەوە، ئەوا دەبێت زانکۆ خۆیشی بەرامبەر بە ڕەخنە، بە کراوەیی بمێنێتەوە. کوردستانیش بە هەمان شێوە. ئێمە گەنجانێکمان دەوێت لەم وڵاتە کە ڕێز لە قوربانیدانی نەوەکانی پێشوو و دەستکەوتەکانیان بگرن. بەڵام ڕێزگرتن نابێت بە واتای بێدەنگی بێت.

ئێمە نەوەیەکی بوێرمان دەوێت کە ئازایەتیی پرسیارکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی هەبێت. نەوەیەک کە هه‌ڵه‌مان كرد بتوانێت پێمان بڵێت: هەڵه‌تان كرد. ڕه‌خنه‌ هەڕەشە نییە بۆ سەر کوردستان، بەڵکوو یەکێکە لە گەورەترین سەرچاوەکانی هێزی وڵات. هەڵەکردن، ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ فێربوون، سەرچاوەیەکە بۆ ئەزموون.


جیهانی ئەمڕۆ، زۆر جیاوازە لە جیهانی ساڵی ٢٠٠٦. ژیریی دەستکرد: پەروەردە، زانست، حکوومەت و ئابووری دەگۆڕێت. ئەو زانیارییانەی ڕۆژانێکی زۆری پێدەچوو تا سۆراخیان بکەین، ئێستا لە چەند چرکەیەکدا دەکرێت به‌ده‌ست بهێنرێن. لە جیهانێکی وەهادا، زانیاری به‌ تەنیا بەس نییە. پێویستمان بە کەسانێکە بتوانن جیاوازی لەنێوان زانیاری و زانیندا بکەن.

جیاوازی لەنێوان دووبارەکردنەوە و شرۆڤەکردندا بکەن. کاتێک دەزانن كه‌ هەڵەن، بتوانن بۆچوونی خۆیان بگۆڕن. بتوانن جیاواز بن لە بیروبۆچووندا، بێ ئەوەی جیاوازی بکەنە دوژمنایەتيی يه‌كتر. هه‌روه‌ها بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە هێشتا چاره‌سه‌رمان بۆ نه‌دۆزيوه‌ته‌وه‌.

بیست ساڵ لەمەوبەر پرسیمان: کوردستان پێویستی بە چ جۆرە زانکۆیەکە؟ ئەمڕۆش دەمەوێت پرسیارەکە پێچەوانە بکەمەوە: ئەوانەی لەم زانکۆیەدا فێر بوون، دەتوانن بۆ دروستکردنی چ جۆرە کوردستانێک یارمەتیمان بدەن؟

ماوەی بیست ساڵە دەرچووانمان دەچنە کایەی حکوومەت، بازرگانی، زانست، پەروەردە و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی. بەڵام چاوەڕوانیمان زیاترە لە چوونە ناو دامەزراوەکانەوە. چاوەڕوانیمان لە دەرچووانمان ئەوەیە: دامەزراوەکان باشتر بکەن. هەندێکیان ئەو دامەزراوانە بینات بنێن کە هێشتا بوونیان نییە.

هیوادارم نەوەی ئێستا هەرگیز وا بیر نەکەنەوە کە نەوەی ئێمە هەموو ئەو دەرفەتانەی دۆزیوەتەوە کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی. چونکە ئێمە نەمانتوانیوە هەمووی بدۆزینەوە، ئێمە تا ئێرەمان هێناوە، لێرەش به‌دواوه‌ ڕادەستی ئێوەی دەکەین.

هیچ نەوەیەک کوردستانێکی بێ خه‌وش و بێ گرفت بە میرات وەرناگرێت. نەوەی ئێمە کوردستانێکی بە میرات وەرگرت کە ستەم، شەڕ، وێرانی و قوربانیدانی بێوێنە،
وێناى كردبوو. ئێمە هەوڵمان دا ئەو میراتە بگۆڕین بۆ ئاسایش، دامەزراوە، گەشەپێدان و دەرفەتی نوێ. نەوەی ئێوە میراتێکی جیاواز وەردەگرێت.

ئێوە میراتی ئەوە وەردەگرن کە ئێمە بنیاتمان ناوە: دەستکەوته‌كانمان، ئەزموونمان، ئه‌و کارانه‌مان کە بێ کەموکورتی و هەڵە نین. بەرپرسیاریەتیی ئێوەش ئەوە نییە تەواوی ئەم میراتە ڕەت بکەنەوە، یا بێ هيچ لێ وردبوونه‌وه‌يه‌ك داکۆکیی لێ بکەن. بەرپرسیاریەتیی ئێوە ئەوەیە ئەم میراتە باشتر بكەن و كوردستان بەرەو قۆناغێكی تر بەرن. هەمان شتیش بۆ ئەم زانکۆیە و بۆ ته‌واوى زانكۆکانی دیکەی کوردستان ڕاستە.

نابێ زانکۆ بیست ساڵی داهاتوو لە هەوڵی ئەوەدا بێت وەک ئەوە بمێنێتەوە کە ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٦دا وێنامان کردبوو. بەڵکوو دەبێت ببێتە زانکۆیەک کە تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢٦یشدا نەتوانین وێنای بکەین. دەبێت زانين و زانستێک بەرهەم بهێنێت کە ئێستا کوردستان نییەتی. یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هێشتا چارەسەرمان نەکردوون. به‌ باشترین زانست و زانينى جیهانه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌، لە هەمان کاتدا بە قووڵی بەرپرسیار بێت بەرامبەر بە کوردستان؛ بۆ باشترکردنی ئەم وڵاتە. هەمیشەش ئەو متمانەیەی هەبێت کە لە خۆی وردبێتەوە و دووبارە خۆی بگۆڕێت، خۆی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا بگونجێنێت.

قوتابيیانى ئازيز،
گه‌نجانى خۆشه‌ويست..

بیست ساڵ لەمەوبەر، دامەزراندنی ئەم زانکۆیە بەرپرسیاریەتیی ئێمە بوو. بەڵام ئەوەی لە ماوەی بیست ساڵی داهاتوودا ئه‌م زانكۆيه‌ دەبێتە چی؟ زیاتر و زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی ئێوەی گەنجی خۆشەویست. ئەوەی سوودی هەیە، بیپارێزن. ئەوەی سوودی نییە، لێى بپێچنەوە. لە دەستکەوتەکانمانەوە فێر بن. لە هەڵەکانیشمان سڵ مەکەنەوە، لێی فێر بن. مەهێڵن ڕێزگرتن لەو دەرفەتانەی نەوەی ئێمە دروستی کردوون، ببێتە سنوورێک ڕێگری لەو ده‌رفه‌تانه‌ بکات کە نەوەی ئێوە دەتوانێت بیانهێنێتەئاراوە.

مەبەست لە داهاتووى زانکۆ هەرگیز و هەرگیز ئەوە نەبووە ببێتە مۆنۆمێنتێک بۆ دامەزرێنەرانی، بەڵکوو ئەوە بووە ببێتە دامەزراوەیەک کە توانای ئەوەی هەبێت خۆی لە کاروانی ئه‌وان تێپەڕێنێت. ڕەنگە هەمان شتیش پێویست بێت بۆ کوردستان بگوترێت.

گەورەترین دەستكه‌وتمان ئەوە نابێت نەوەی داهاتوو ڕێک ئەوە بپارێزێت کە ئێمە بنیاتمان ناوە. بەڵکوو ئەوە دەبێت: زانست، ئازادی و ئەوەندە باوەڕی به‌ خۆی بێت ئەو شتانە بنیات بنێت کە ئێمە نەمانتوانی بنیاتیان بنێین. سەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئێمە لەوەدا نییە ئێوە لە ئێمە بچن، سەرکەوتن لەوەدایە کە ئێوە لە ئێمە باشتری بكەن و بەرەو پێشەوەی ببەن.

بیستەمین ساڵیادی زانکۆی کوردستان ـ هەولێر پیرۆز بێت. بەو هیوایەی بیست ساڵی داهاتوو (زانکۆ و کوردستان) بباتە قۆناغێک لە پێشکەوتن كه‌ ئێستا به‌ خه‌ياڵماندا نەیەت ڕۆژێك پێى ده‌گه‌ين، پەنا بەخوا دەگەینە ئەو ڕۆژەش.

زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و هيواى ئێواره‌يه‌كى خۆشتان بۆ ده‌خوازم.‌
دەمەوێ لە كۆتاییی قسەكانمدا سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە بە شێوەیەك لە شێوەكان بەشدار بوون لە دروستكردنی ئەم زانكۆیە و بەرەوپێشبردنی. سوپاسی سەرۆكی زانكۆ دەكەم، سوپاسی جێگری سەرۆكی زانكۆ، كریس، دەكەم ئەویش لێرەیە و سوپاسیان دەكەم، هەروەها دەمەوێ سوپاسی كاك ئیدریسیش بكەم كە ئەویش لێرەیە، ئینجا با یەك تۆز باریشی گران بكەم بەوەی كە ئەوەی من ئاگادارم كەمپی زانكۆ لە ڕووی دیزاینەوە تەواو بووە و ئێمە لێرەوە دەڵێین ئەو كەمپە بە زووترین كات دەستی پێ بكرێت و كەمپی نوێ بۆ زانكۆ بكرێتەوە كە بەڕاستی ئەو قوتابییانەی لێرە دەخوێنن شایستەی ئەوەن، ئێمەش پشتگیرییان دەكەین بۆ ئەوە.

پیرۆزبایی لە هەمووتان دەكەم ئەوانەی كە دەرچوون و زۆر سوپاسیشتان دەكەم بەرگەی قسەكانی منتان گرت، زۆر درێژ بوو، داوای لێبوردن دەكەم بەڵام باش بوو بەرگەتان گرت و هەموو لایەكتان بە خێر بێن.