ئێوارهى ئهمڕۆ سێشهممه 2025/11/18 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، بهشداريى له كۆڕبهندى ئاشتى و ئاسايشى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست MEPSدا كرد كه ساڵانه لهلايهن زانكۆى ئهمهريكى كوردستانهوه له دهۆك ئهنجام دهدرێت.
له پانێلێكدا كه به ئامادهبوونى بهڕێز مهسروور بارزانی سهرۆكوهزيرانى ههرێمى كوردستان و ژمارهيهك له بهرپرسانى باڵاى عێراق و ئهكاديمى و لێكۆڵهران و ڕۆژنامهنووسان و ميوانان له ههرێمى كوردستان و عێراق و دهرەوهى وڵاتهوه، بهڕێوه چوو، سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، باسى چهند پرسێكى ههنووكهيى و دۆخى كورد و ناوچهكه بهگشتى كرد، ئهمه دهقهكهيهتى:
پێشكەشكار: سپاس بۆ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئامادەبوونتان لەم پرۆگرامە، زاراوەی من زۆر سنەیی تێکەڵە، هیوادارم لێی تێبگەیت.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: كێشە نییە، ئێمەش زۆر لەوێ بووین تێدەگەین.
پێشكەشكار: ئاڵوگۆڕییەكی زۆر لەم ناوچەیە بووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، لە لوبنانەوە بگرە تا ئیسرائیل تا سووریا، ئێران و عێراق، زۆر پێم خۆشە بزانم کوردستان چۆن توانیویەتی خۆی لەم هەموو کێشەیە بپارێزێت و بە جۆرێک ئاسايشی هەبووە لەم چەند ساڵانە؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، پێشەکی من دەبێت سوپاسی ڕێکخەرانی MEPS بکەم لە دهۆک. بە ڕاستی دەستخۆشیيان لێدەکەم بۆ ئەم کۆبوونەوە و ئەم ڕێکخستنەی کە ئەمڕۆ كردوويانه. بینیمان خەڵکێکی زۆر بەشداريی لەم کۆنفرانسەدا کرد. دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی دەکەم، دەستخۆشی لە کاك مەسروور دەکەم. بە ڕاستی لەگەڵ هەموو ئەو ڕێکخەرانە کارێکی زۆر باشیان کرد. زۆر سوپاسیش بۆ ئێوه، سنەییەکە كێشە نییە. بە پێچەوانەوە ئەوەمان پێخۆشە، بۆ ئەوەی بیرمان بێتەوە. سیاسەتی هەرێمی کوردستان، بە ڕاستی بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە فاکتەری ئارامى و ئاسایش بین لە ناوچەكەدا. بە پێچەوانەوە نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، ئێمە ڕۆڵمان هەبوو تاكو لە عێراقیش، لەگەڵ برایانمان لە بەغدا و هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، نەبینە بەشێک لەو کێشانەی کە لە ناوچەكەدا ڕوویداوە. سیاسەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام ئەوە بووە کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەمە سیاسەتێکە کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە و هەر لەسەر ئەو سیاسەتەش دەمینێتەوە.
پێشكەشكار: لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەتایبەت لە كاتی پەلاماری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عێراق بە گشتی توانيی خۆی لەم کێشەیە بپارێزێت، بەڵام ئاسمانی عێراق شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوو، هەروەها مووشەکەکانی ئێران بەسەر ئاسمانی عێراقدا ڕۆیشت. من زۆر پێم خۆشبوو بزانم تا چ ڕادەیەک ئەم بابەتە دەتوانێت ئەم ململانێیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، ئەو هێزە لە ناوچەكە، هەروەها وڵاتانی ناوچەكە، جەنابتان ئەم کێشەیەی ئەمڕۆ لە ناوچەكەدا هەیە چۆن دەبینین؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: خۆی وەک بنەما پێمان وانییە ئەو کێشانەی کە هەن به بەکارهێنانی چەك و توندوتیژی چارەسەر بکرێن. پێمان وایە ئەو كێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، بە شێوەیەکی گشتی پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی دروست و دیالۆگێكی جددی هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام. شەڕ لە ناوچەكە ئیسپاتی کرد لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ شتێک بەدی نایەت. ئێستا ئەگەر سەیری بکەین لە ئەنجامی ئەو شەڕانە، ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بووە لە ناوچەكە، لە فەلەستین و شوێنەکانی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وایە کێشەکان پێویستە بە شێوەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. خۆشحاڵین بەوەی کە ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەم پرسە. بڕیاری دوێنێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکان لەسەر ئەم بابەتە، بڕیارێکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی کە سەرۆک ترامپ دەستی پێکردووە و هیوادارین ئەوە بگاتە ئەنجام.
پێشكەشكار: ماوەیەک پێش سەرۆك کۆماری ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ نامەیەکی بۆ جەنابتان نارد، دواتریش مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکایش نامەیەکی نارد كە درێژتر بوو سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێوە و کوردستان بۆ ئەوەی کە ئاشتی و سەقامگیری لێرە هەبێت. بە بڕوای ئێوە لە گهڕى دووهمى سهرۆك دۆناڵد ترامپدا، ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چییە؟ بە بۆچوونی جەنابتان تا چ ڕادەیەک ئەمەریکا دەتوانێت ڕۆڵی لە ناوچەكەدا هەبێت؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: زۆر ئاسایی، ئەمەریکا هێزێکی گەورەیە لە جیهاندا. سوپەرپاوەرە و دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت لە ناوچەکەدا. ئەوەی کە پەیوەنديی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، بە جەنابتم گوت لە دەستپێکردنی قسەکانماندا، ئێمە لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکمان هەیە، دەمانەوێت فاکتەری ئەمن و ئاسایش بین لە ناوچەكەدا. دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە شێوەیەکی ئاشتیيانە و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. دەمانەوێت ڕۆڵمان هەبێت لەوەی كە له ناوچەكە بە شێوەیەکی گشتی ئاشتی و ئارامى ههبێت. هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئیسپات بکات کە فاکتەری ئەمن و ئاسایشە لە ناوچەكەدا، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، دەبینین بهڵێ ئەمەریکا دەتوانێ ڕۆڵی زۆر جددی ببینێت هەم لە پرسی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل و هەم ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، بە حوکمی ئەوەی کە سوپەرپاوەرە و دەتوانێت زۆر ئیش بکات.
پێشەكهشكار: چەند ڕۆژی ڕابردوو هەڵبژاردن بوو، پارتی دەتوانین بێژین لە عێراق وەکو حزب زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی گوێم لە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەلسوودانی بوو، باسی لەوە کرد کە ئەوان هاوپەیمانییەكی گەورەیان دروست کردووە لە لایەنە سیاسییەكانی شیعە کە دەیانەوێت حکوومەت داهاتوو دروست بکەن. ئایا لەناو حزبەکانی کوردستاندا ئەو موكوڕييه هەیە کە هەمووتان پێکەوە بە یەک دەنگ بڕۆن بۆ بەغدا و ئەو کێشانەی لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە چەند ساڵی رابردوودا وەك پرسی مووچە، پرسی ئەمنی، چارهسهر بكهن. من خۆم لێره بووم دوو سێ مانگ لەمەوپێش چەندین هێرش كرایە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی كوردستان. چۆن دەتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بكەن؟ ئایا موكوڕييهك هەیە، گفتوگۆک هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیکەی کوردستان کە بە یەک دەنگ بڕۆنە بەغدا؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: بە بۆچوونی، وەک جەنابت ئیشارەت پێدا و گوتت موكوڕى، دەبێت ئەوە هەبێت. دەبێت ئەو بڕیارە هەبیت کە هێزە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا. پێکەوە دەتوانین ئەو دەستکەوتانە بەدەست بێنین کە هەموو لایەکمان هەوڵ دەدەین و خەباتی بۆ دهکەین، کاری دهکەین. پێم وایە هێزە کوردستانییەکان هەرچەند لە ناو خودی هەرێمی کوردستاندا ناکۆک بن، پێویستیمان بەوە هەیە لە بەغدا بتوانین فۆرمۆلێک بدۆزینەوە بۆ هەموو هێزە کوردستانییەکان و دەبێت هێڵەكان ڕوون بن كە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان چییە؟ بەشێک کێشەی حزبە لەگەڵ حزبەکان، ئێمە کێشەمان هەیە لەگەڵ حزبێک، حیزبێک کێشەی هەیە لەگەڵ حزبێکی تر، ئەوانە هەمووی لە جێی خۆی، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئهوهيه هەموومان لەسەر یەک شت ڕێككەوین. لەسەر ئەوەی کە بەرژوەندیی هەرێمی کوردستان چییە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا، پێم وایە پيويسته هێزە کوردستانییەکان هەموو ئەوانەی کە براوە بوون لەم هەڵبژاردنانە، بەپێی قەبارەی خۆیان، هەر حزبێک بەپێی قەبارەی خۆی، بە زووترین کات و بە بەرنامەیەكی هاوبەش، پێکەوە نەک بە جیا جیا، بچنە بەغدا و دانوستان بکەن، چوارچێوەیەکیش دابنێن بزانن بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە کوێیە و لەو چوارچێوەیە دەرنەچن، سەرەڕای هەموو ئەو كێشانەی کە لە ناو خۆ هەمانە. زۆر جار گوتوومانه ئێمە پێویستە لە بەغدا بەهێز بین. بەهێزبوونی کورد لە بەغدا گەرەنتییە هەم بۆ عێراق، هەم بۆ کوردستانیش. لەبەر ئەوە ئەوەی پێم خۆشە و ئێمە داوای دەکەین ئەوەیە كە هێزە کوردستانییەکان پێکەوە و بە بەرنامەیەكی هاوبەش بچنە بەغدا.
پێشكەشكار: ئایا بە بڕوای ئێوە لە چوار ساڵی داهاتوودا، ئێمە دەتوانین شاهێدی دەستوورێکی نوێ بين بۆ کوردستان؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: دروشمی ئەم جارەی ئێمە لە هەڵبژاردن ئەوە بووە، پێش دەستووری هەرێمی کوردستان، دەبێت عێراق دەستوور جێبەجێ بکات. ئەوە یەکێک لە داواکاری سهرهكيى ئێمەیە، ئەمە دەبێت داواکاری هەموو هێزە کوردستانییەکانیش بێت کە دەبێت دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت. یەکەم شت کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا، کێشەکە سەرچاوەکەی لە کوێوە سهرچاوه دهگرێت؟ سەرچاوەکەی لە پرسی دەستوور و جێبەجێنەکردنی دەستوورهوهيه. ئەو هەڵسوکەوتەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، دەستووری نییە، زۆر مەرکەزییە زۆر زۆر. هەموو جار دەڵێم لە هیچ سیستمێکی فیدراڵيی جیهاندا ئەو جۆرە سیستم و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکرێت نابینیت. دەستووری عێراق لە ساڵی دوو هەزار و پێنجەوە بڕیاری لەسەر دراوە. وەکو هەرێمی کوردستان تا ئێستا قسەی ئێمە ئەوەیە کە دەبێ ئەم دەستوورە جێبەجێ بکرێت. دەستوور زامنی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە، نەک هەرێمی کوردستان، پێکهاتەکانی تری عێراقیش، سوننە، شیعە، تورکمان، مەسیحی، ئێزدى، هەموو پێکهاتاكان. ئەگەر ئێمە بمانەوێ عێراق سەقامگیر بێت، مەرجی یەکەم جێبەجێکردنی دەستوورە. سەبارەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان، بەداخەوە من دەتوانم بڵێم ئەمە دەبوو زۆر دەمێک بوایە بمانکردبا بە ڕاستی. پار ساڵ هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوومان ئەنجام دا، بە سوپاسەوە بۆ گەلی کوردستان کە ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن نزیکەی حەفتا و دوو لە سەد بوو. هیوادارین پەنا بەخوا دوای ئەم هەڵبژاردنانەی عێراق بتوانین شاهدی ئەوە بین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێكبهێنرێت و بێگومان یەکەم كار و یەکەم ئەولەویەتی دوای ئەوە، پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت.
پێشكەشكار: دەزانم ئەمڕۆ لەو ژوورە لەو پشتەوە، لەگەڵ چەند کەس لە ڕێبەرانی عێراقدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ چەند حزبی دیکەی عێراق، گفتوگۆتان هەبوو. ئایا گەشبینن بەوەی کە حکوومەتی داهاتووی بەغدا ئەو ئيرادەیەی هەبێت کێشەکان چارەسەر بکات؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: پێم وایە دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ و کێشە، هیوادارین هەموو لایەک گەیشتبنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت کێشەکان چارەسەر بكرێن. خۆی ئەلفوبێی پرسی ئاشتی لە عێراق و سەقامگیريی عێراق، کلیلەکەی چارەسەری ئەو كێشانەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەن. وای دەبینم، پێم وایە ئەگەر بە جددی عێراق هەوڵ بدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات، لەڕووی سیاسییەوە عێراق دەکەوێتە قۆناغێكی زۆر جیاوازتر و سەرکەوتووتر لەوە. هیوادارین هەموو هێزە عێراقییەکان وانەیەكیان لە ڕابردوو وەرگرتبێت و ئەو وانەیە ئەوە بێت کە ئەم قۆناغە ناو بنێین قۆناغی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و قۆناغی چارەسەركردنی هەموو ئەو کێشانەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بەپێی ئەو دەستوور، هیواخوازین ئەمە وابێت.
پێشكەشكار: ئەمڕۆ بە درێژايیی ئەم بەرنامە من چەند جار بیستم لە زۆر لەو کەسانەی کەوا لەسەر بابەتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا قسەیان کرد، دەزانم مانگی ڕابردوو لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان دیدارێکتان هەبوو، هەر وایش دەزانم ماوەیەک پێش دەستەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانتارەکانی کورد لە باکووری کوردستان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ جەنابت قسەیان کرد، دوای ئەوە ئەمڕۆ شتێکم بیست لە بەڕێز هۆشیار زێباری گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەوەی هەڵگرتووە کە ئەم پرۆسەیە ئاشتییە بەرەو پێش ببرێت. زۆر کەس نیگەرانە ئەم پرۆسەیە وەکو ساڵی دوو هەزار و پازدە، پێم وايه بەڕێز ئەحمەد داودغڵو لێرەیە، دیمانەیەكم لەگەڵ كرد ئەو سەردەمە. دەزانم زۆر کەس بە ڕاستی دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. جەنابت دەزانم لەگەڵ هەموو لایەك کە قسە دەکەیت. سەرەتا دەمەوێ بزانم حکوومەتی هەرێمی کوردستان چ هەنگاوێكی كرداريی هەڵیگرتووە بۆ یارمەتیدانی ئەم پرۆسە كە سەرکەوێت و تا چ ڕادەیەک گەشبینن چارهنووسى ئەم پرۆسەی ئاشتییە وەک هی ساڵی دوو هەزار و پازدە نابێت؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەمە پرسیارێکی گرنگە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە یەک قسەی کردووە، ئەویش ئەوە بووە: ئامادەین یارمەتی بدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە کە پێمانوایە هەم خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا دەکات و كاریگەرییهكی زۆر گرنگیشی لەسەر هەرێمی کوردستان و هەموو ناوچەکە دەبێت، گوتوومانە ئێمە ئامادەین هەرچی بە ئێمە بکرێ بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە دەیكەین. ڕۆڵی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە بە كردارەكی یارمەتیدەر بووین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. پرسیاری جەنابت ئایا ئەم پرۆسەیە جددییە یان نە؟ پێم وایە ئەم پرۆسەیە ئەوەی کە من لە کۆبوونەوەکانم لە ئەنقەرە دیومە، بەتایبەتی لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆمار، ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی زۆر جددییە، بەڵام ئێمە دەبێت واقعی بین، کێشەیەک كه چل ساڵه هەیە بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر ناکرێت. ئەمه پرۆسەیەکە پێویستی بەوە هەیە پشوودرێژيی لەگەڵ هەبێت، تەحەممول هەبێت. هەندێک جار لەوانەیە لە قۆناغێك وا هەست دەکرێت پرۆسەکە گەیشتووتە بنبەست، کە وانییە، بەڵام ئەنجامی کەڵەکەبووی ئەو هەموو ساڵانە، ناتوانین شاهدی ئەوە بین لە چەند مانگێکدا بگاته ئهنجام. پێشبینی دەکەم ئەم پرۆسەیە لەوانەیە بە ساڵ بخایەنێت، بەڵام ئەوەی تاوەكو ئێستا لە پرۆسەکە دەیبینین، چ ئەو هەنگاوانەی کە لە ئەنقەرە هاوێژراون تا ئێستا، چ ئەوەی کە ئێمە لە لایەنی تر دەیبینین، لەوانهيە پرۆسەکە زۆر زۆر هێواشە، بەڵام بە بۆچوونی من پرۆسەیەکی جددیە و شایستەی ئەوەیە کە هەموو لایەکمان یارمەتیدەر بین بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات. ڕۆڵی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ماوەیەک ئەوەی کە توانی لە پرسی ئەو دەستەیەی هاتبوون و چوونه قەندیل، هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ کردن. ئێستايش دووبارەی دەکەمەوە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێككەوتن. ئەوەی لە ئەنقەرە دیومە و گوێم لێبووە، جدییەتێکی زۆر هەیە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت بگاتە ئەنجام. ئەوەی کە تا ئێستا لە بەڕێز ئۆجەلانیش دەیبینین هەر ئەوەیە کە جەختی لەوە کردووهتەوە ئەم پرۆسەیە دەبێت بگاتە چارەسەر و دەبێت بەرەو ئاشتییەک بڕوا کە هەموو لایەک تێیدا سوودمەند بن.
پێشكەشكار: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەریی لەسەر ڕۆژاوا لە سووریا لەو ناوچەیە هەیە. دەزانم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە قسەتان کرد، هاتووە؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: بڕیار وا بوو ئەمڕۆ لێرە بێت. گوتم بزانم نەهاتووە، ئەویش کاک مەسروور دەڵێت لەوانەیە لە ڕێگەیە و دێت.
پێشكەشكار: ئەگەر بەڕێوەیە من دەتوانم دیدارەكە درێژ بكەمەوە تا بێت؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: بە ئارەزووە خۆت، بەڵام ئەوەندەش زوو ناگات گەر بە ڕێگەوە بێت، كاتی پێویستە.
پێشكەشكار: پرسیارەکەی من وەك ئەوەی دەزانم کاتێک چووی بۆ تورکیا لە ئەنتالیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع دیدارێکتان هەبوو، لەگەڵ مەزڵوزم عەبدی دیدارێکتان هەبوو. دەزانم لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوولا قسەتان کرد، هەموو خەڵکی کوردستان دەیانەوێ بزانن چارهنووسى ئەو ئەزموونە لە ڕۆژئاوا دەبێت بە چی؟ داخوازم ئەوە بوو بزانم، تورکیا ڕۆڵێکی هەرە گەورەی هەیە، لەگەڵ هەر کەسێکدا قسەم کردووە، لەگەڵ دیپلۆماتكاران و مامۆستایانی زانکۆدا، ئەمڕۆ و دوێنێ، هەموویان بە ڕاستی نیگەرانن و دەڵێن، تهنانهت ئەو کەسانەی لە ڕۆژئاوا هاتوون، دەڵێن ئەگەر تورکیا بخوازێت، پرسی سووریا دەتوانێت سەرکەوێت. دەمەوێ لە جەنابتان بپرسم تا چ ڕادەیەك بیر دەكەنەوە، هەروەك لە پرسیاری پێشووشدا وتم لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغانیش قسەت کردووە، تا چ ڕادەیەك ئەوانیش موكوڕن، ئەحمەد شەرعیش ئەو ئێرادەیەى هەیە کە بە ڕاستی کێشەی کورد، مافی کورد بەو جۆرەی كە هەیه بیپارێزرێ و بیدات؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: با لەوە دەست پێبکەم، یەکەم شت گەلی سووریا وەک وڵات، وەک میللەت، شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن لەوەی کە ئێستا هەیە. ئێستا واقعێک لە سووریا هەیە، ئەو واقعە جەنابی سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع لەوێیه. پێمان وایە ئەوە شانسێکی گەورەیە بۆ ئەوەی سووریا بگەڕێتەوە بۆ ئارامی و ئاسایش، ئێمە ئاوا دەیبینن: قسەی ئێمە بۆ برایانمان لە سووریا، دوو سێ شت بووە، یەکەم شت، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە پێمان گوتوون بڕۆن بۆ دیمەشق. پێمان گوتوون ئاڵای نوێی سووریا هەڵگرن، ڕانەوەستن بۆ ئەوەی بانگهێشتنامهتان بۆ بنێرن، وڵاتی ئێوەیە، میللەتی ئێوەیە، شوێنی ئێوەیە، ئێوە دەبێت بەشدارییەکی کاراتان هەبێت لە داهاتووى سووریا. ئەوەمان بە برایانمان گوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا واقعێک هەیە، ئەم هێزانە ڕۆڵێكی سەرەكییان بینیوە، مەبەستم بهڕێز مەزڵووم عەبدی و ئەو هێزانەی کە لەگەڵیانن، ڕۆڵێكی گەورەیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لە پرسی ئەمن و ئاسایش، چ لە سووریا و چ ئەوەی کە كاریگەری لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش دەکات. واى نابینین سیستمی مەركەزییەت و بەڕێوەبردنی ناوەندی لە سووریا سیستمێکی دروست بێت بۆ بەڕێوەبردن. سووریا وڵاتێکە فرەنەتەوەیە، فرە ئاینییە و فرەکولتوورە. پێمان وایە پرسی بەڕێوەبردنی سووریا بە شێوەیەکی ناوەندی و بە هێز، سووریا بەو مۆدێلە ناگاتە هیچ ئەنجامێك. پێویست بەوە دەکات بیر لە مۆدێلێکی دیكە بكرێتەوە. هیچ كات باس لەوە ناکەین ئەو مۆدێلەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەمانە، لەوێ کۆپی بکرێت. ئەوەمان نەگوتووە، گوتوومانە بەپێی تایبەتمەندیی سووریا و دۆخی خۆیان، دەبێ خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو واقعەی کە لە سووریا هەیە. بەداخەوە لە دیمەشق بیركردنەوەیەك هەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی ناوەنديی بەهێز. پێمان وانییە ئەو مەرکەزییەتە بەهێزە بتوانێت داهاتووى سووریا بەرەو باشی ببات. پێمان وایە دەبێت مافی ئەو نەتەوانە هەموویان ئەوانەی کە لە سووریا هەن لە چوارچێوەی سووریادا پێیان بدرێت و بگەن بە مافەکانی خۆیان. هەرێمی کوردستان پشتگیريی لەم بۆچوونە دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەمە. ئەوەی جەنابت ئاماژەت پێدا، پێموایە تورکیا زۆر ئارەزوو دەکات ئەو کێشانە چارەسەر ببن، بەڵام من خۆم وای نابینم ئەگەر تورکیا گوتی، جێبەجێ دەبن. بەو شێوەیە نییە. خوێندنەوەم بەو شێوە نییە. بە پێچەوانەوە، بە بۆچوونی من تورکیا هەوڵیشی داوە، هەوڵیش دەدات بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر ببن، بەڵام ئەمە بابەتێكی ناوخۆیيی سووریایە و دهبێ ئەو ئیدارەی کە ئێستا سووریا بەڕێوە دەبات، بگاتە ئەو باوەڕە کە دەبێت مۆدێلێکی واقعبینی و دروست بۆ داهاتووى سووریا پێشكەش بکەن.
پێشكەشكار: ماوەیەک پێش ئێستا لە جانیوەری لە ڕۆژاوا بووم، گفتوگۆیەکم لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی هەبوو. هێڵی سووری ئەوان ئەوە بوو کە دەبێت هێزەکانی دیموکراتی سووریا وەکو تاكە هێز نە ئەوەی کە بچنە ناو سوپای سووریا، دەتوانرێ بمێنن. ئایا بە بڕوای جەنابتان تورکیا یا دەوڵەتی سووریا ئامادەیە ئەو داخوازەی ڕۆژئاوا قبووڵ بکات؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: دەزانی چۆنە؟ پێم وایە واقعی نییە ئەوەی کە بە تاكە كەسی بچنە ناو سوپای سووریا. ئەمە واقعی نییە. ئێمە بە هەمان شێوە لە ساڵی دوو هەزار و سێ، ئەوە كاك مەسرووریش لێرەیە، هەمان كێشەمان هەبوو لەگەڵ ئەمەریکییەکان. ئەمەریکییەكان بە ئێمەیان دەگوت ههر دهبێ لە ناو سوپای نوێ بن. گوتمان ئەوە عەمەلی نییە، واقعی نییە. ئینجا دوای سێ ڕۆژ گفتوگۆ هاتنە سەر ئەوەی ناوێک بۆ پێشمهرگه بدۆزنەوە، گوتیان شەڕکەرانی چیا، ماونتن ڕێنجەرس. ئەو ناوەیان دۆزییەوە. جا بە بیرم دێ، ئەو كات پرسیارییان لە کاک مەسروور كرد، گوتیان: ئەگەر ئەو ناوە وەرگێڕینە سەر زمانی كوردی دەبێتە چی؟ کاک مەسرووریش پێ گوتن دەبیتە پێشمەرگە. بۆ ئەوانیش هەر هەمان بابەتە. واقعی نییە تۆ پێی بڵێی تاک ـ تاک ئێوە دەبێت بێنە ناو سوپای سووریا. دەبێ فۆرمۆڵێکی تر بدۆزرێتەوە. ئەی باشە ئێستا بۆ نموونە کەمپی ئەلهۆڵ گەورەترین كێشەیە. نزیکەی دە هەزار كەس ئەوانەی کە زۆر توندڕەون، داعش بوون لەوێ لە بەندیخانەن، چارەنووسی ئەمانە چۆن دەبێت؟ ئەمە دەبێت بە دیالۆگ و گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و برایانمان لە ههسهده چارەسەر بکرێت. پێمان وایە دەبێ هەندێک هەنگاو بە زووترین کات بنرێن لەلایەن هەسەدەوە. لە مانگی سێیەوە هەندێک ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە، تاكو ئێستا هیچێک لە بەندەكانی ئەو ڕێککەوتنانە جێبەجێ نەکراون. چاوەڕێی چ دەکەن؟ نازانم!
پێشكەشكار: کێ جێبەجێی نەکردووە؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێ نەکراوە، بەڵام زیاتر قسەکان لەسەر هەسەدەیە کە جێبەجێی نەکردووە. ئەمە دەبێت بە دیالۆگ چارەسەر بكرێت. چاوەڕوانی چى دەکەن؟ چى دەبێت؟ ئێمە دەبینین دۆخی سووریا ڕۆژ بە ڕۆژ دەگۆڕدرێت. لەبەر ئەوە پێم وایە کورد لەوێ نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات. دەبێت بە دیالۆگ و بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر ببن، ڕۆڵی ئێمەش له ههرێمى كوردستان دیسانهوە ڕۆڵی یارمەتی و هاوکارییە.
پێشكەشكار: پرسیارێک زۆر پێم خۆشە ئەم پرسیارە بکەم چونکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانم، ئەم پرسیارە حەتمەن دەبیت بکەم. دەزانم لە ساڵی دوو هەزار و بيست و چواردا، دووبارە لە جانیوەری، ئێران پەلامارێکی مووشەکی بردە سەر باشووری کوردستان. گوتی لە هەولێر ژووری، یان پێگەی دەستکاری سیخوڕيی ئیسرائیل مووسادی پێكاوە. واتە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەوە تاوانبار كرد کە خەریکە لەگەڵ ئیسرائیلدا دژی ئێران كار دەکات. بەڵام پێنج مانگ دوای ئەوە، من بیرم دێت جەنابت ڕۆیشتی بۆ تاران. فەرشی سووریان بۆ ڕاخستی و لە دوو ڕۆژدا هەم لەگەڵ ڕێبەری حکوومەتی ئێراندا ئایەتوڵا خامهنەئیدا دیدارتان کرد، هەم لەگەڵ سەرۆککۆماردا و سەرۆکی پەرلەمان و چەند بهرپرسێكى دیکە. چ شتێک گۆڕا لە ماوەی پێنج مانگدا کە ئێوە تاوانبار بوون بەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا دژی ئێران شەڕ دەکەن، ئاوا پێشوازییان لێكردن؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: پێم وايه ئەوە تۆزێک ڕوونکردنەوەی پێویستە. یەکەم شت وەک بنەما ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە، سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئێران بەردەوام ئەوە بووە کە دەیەوێت پهيوهندييهكى باش و بێ كێشهى هەبێت. بۆ نموونە ئێستا ئەگەر تەنیا لەڕووی ئابوورییەوە حیساب بکەیت، لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا نزیکەی یازدە تا دوازدە ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە. زۆرتری لە هەرێمی کوردستانه. سیاسەتی هەرێمی کوردستان هیچ كات ئەوە نەبووە یارمەتيی هیچ لایەنێک بدات دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامى پێشتر یارمەتيی ئێمەی داوە و بە سوپاسەوە دەڕوانینە هەموو ئەو یارمەتییانەی کە داویەتی. وهك گوتم، دەمانەوێت فاکتەری ئەمن و ئاسایش بین لە ناوچەكەدا. پێشتريش ئەو سیاسەتەمان ههبووە، ئێستاش هەمانە، له داهاتووشدا دەمانبێت. پێم وا هەندێک لێكنەگەیشتن لەنێوان ئێمە و ئێراندا هەبووە. بەڵام ئایا ئێمە یارمەتیی هیچ لایەکمان داوە دژی ئەوان؟ هیچ كات شتی وامان نەکردووە و ناشیکەین. چونکە بنەمایەك هەیە ئێمە پەیڕەوی دەکەین لە سیاسەتدا، ئەویش ئەوەیە كە دەمانەوێت فاکتەری ئاسایش و ئارامی بین، ئەو لێكنەگەیشتنانەش لەو باوەڕدام بەو سەفەرەی کە کردمان بۆ تاران و بەتایبەتی دوای بینینی ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی تری ئێرانی، تاكو ڕادەیەكی زۆر توانیمان بگەین بە لێكگەیشتنێگی هاوبەش لەم دۆسیانەدا، ئەوەی كه تا ئێستاش بەردەوامە و هیوادارم ئەوە هەر بەردەوام بێت.
پێشكەشكار: دەمەوێت ئەو پرسیارە دووبارە بكەمەوە: ئایا بە ڕاستی سیاسەتی ئێوە گۆڕاوە، یان تاوانباركردنە ناڕەوا بوو؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: سەدا سەد ئەو تاونباركردنانە ناڕەوا بوون. لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە ببێتە بەشێک لە کێشە لەگەڵ هەر لایەنێک بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. پێم وایە ئەوان زیاتر هاتنە سەر ئەو باوەڕە. پرسەكە ئێمە نەبووین. ئێمە پێشتریش هەروا بووین، هەمیشەش گوتوومانە و دەیڵێن كە سوپاسی کۆماری ئیسلامی دەکەین بۆ هەموو ئەو یارمەتییانەی بە ئێمەیان داوە.
پێشكەشكار: جهنابى سەرۆک، دەزانین کێشەی کورد لە سووریا، لە تورکیا، لێرە بە ڕاستی تا لە ئێرانیش، سێ ساڵ لەمەوبەر کە ئەو هەموو خۆپیشاندانانە بوو، بە ڕاستی پرسی کوردستان زۆر گرنگ بوو. بە بۆچوونی جەنابتان ئەگەر ئەم کێشە لە باکووری کوردستان چارەسەر ببێت، ئەگەر پرسی کورد لە ڕۆژئاوا بە ئاشتی بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە چارەسەر ببێت، چ كاریگەرییەكی بەسەر سەقامگیری و دۆخی ئابووریی خەڵکی ناوچەكەهوه دەبێت نەك تەنیا بۆ کوردستان، بۆ تورکیا، بۆ ئێران، بۆ عێراق، بۆ سووریا؟
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: سیاسەتی ئینکارکردن لەم هەموو ساڵانەدا چەند قازانجی کردووە لە ناوچەكە؟ ئەو سیاسەتەی کە ئینکاری کورد دەکات، سەرکەوتوو نەبووە. ئیسبات بووە کە سیاسەتی ئینکاریکردن سەرکەوتوو نەبووە. پێمان وایە بە ڕەچاوکردنی دۆخی کورد لە هەر وڵاتێکدا، دەبێ ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت. جەنابت ئاماژەت پێدا كە واقعێک هەیە، بۆ نموونە لە ئێران شتێک هەیە بە ناوی پرسی کورد، لە تورکیا هەیە، لە سووریاش هەیە. ئەمانە دەبێت چارەسەر بکرێن. سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەم چارەسەرە دەبێت. ئێمە نایەین هیچ مۆدێلێک پێشكەش بکەین و بڵێن بەم مۆدێلە دەبێت چارەسەر بکەین. پێمان وایە چارەسەرەکە دەبێت بەپێی ڕەچاوکردنی پێگەی کورد و پرسی کورد بێت لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیدا دەژین. بەڵام ئیسبات بوو سیاسەتی ئینکاری ناکرێت. جەنابت دەڵێيت ئەگەر ئەمانە چارەسەر ببن چى دەبێت؟ پێم وایە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر ببن، ئاسۆیەکی دیكە لە ناوچەكەدا دروست دەبێت. ئاسۆیەک کە هەم لەڕووی سیاسییەوە، هەم لەڕووی ئابوورییەوە و بۆ هەموو لایەک سوودی دەبێت.
پێشكەشكار: زۆر سوپاس. پێموايه کاتمان تەواو بوو. زۆر سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر سوپاس بۆ كاتەكەن.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی: ئەوە شوێنی کاک مەسروور بوو، بەڵام كێشە نییە من قبووڵمە. زۆر سوپاس بۆ ئێوه