ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 8/7/2026 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمێكدا له هه‌ولێر، ميدالياى ڕ‌ێزلێنانى سه‌رۆككۆمارى ئيتالياى پێ به‌خشرا كه ميدالياى "ئەستێرەی ئیتالیا" لە پلەی "سوارچاکی خاچی مەزن"ـه و يه‌كه‌مجاره له‌سه‌ر ئاستى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌به‌خشرێت.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان کونسوڵی گشتيی ئيتاليا له هه‌رێمى كوردستان و نوێنەرانی لایەن و دامەزراوهكانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ژماره‌يه‌ك له نێرده دیپلۆماسیيهكان و میوانان به‌شدار بوون، به‌ڕێز نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، ميدالياكهى پێشكه‌ش به سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد.
له وته‌يه‌كدا به‌م بۆنه‌يه‌وه به‌ڕێز باڵيۆزى ئيتاليا گوتى: ئه‌م ڕێزلێنانه بەهۆی پێگەى سیاسیی ناوازە و باڵای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ڕۆڵی سەرەکیيانه لە بەهێزکردنی پەیوەندییەكاندا، هه‌روه‌ها پێزانینێکە بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو گفتوگۆ و ئاشتیدا، لەگەڵ پشتگيرييان بۆ هاتنی کۆمپانیا ئیتالییەکان، کردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی کونسوڵخانەی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر و پێشکەشکردنی ئاسانکاری و هاوکاریی تەواو بۆ هێزە سەربازییەکان و تیمه‌كانى شوێنەوارناسیی ئیتالی لە هەرێمی کوردستان.
به‌ڕێز باڵیۆزی ئیتالیا هه‌روه‌ها ڕایگەیاند: ئه‌م ڕێوڕه‌سمه پشتڕاستکردنەوەی دۆستایەتیی ڕاستگۆیانەی ئیتالیايه له‌گه‌ڵ عێراق و کوردستان كه سەرۆک نێچیرڤان بارزانى باشترین داکۆکیکاری بووە. هه‌روه‌ها ستایشی سەرکردایەتیی واقیعبینانەی به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى کرد و هیوای خواست عێراق و کوردستان بەردەوام بن لە بەهرەمەندبوون لە سەرکردایەتییان.
ئينجا له وته‌يه‌كدا به‌م بۆنه‌يه‌وه، به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خۆشحاڵی و شانازیی قووڵی خۆی بۆ ئه‌م ڕێزلێنانه دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆککۆمار و حکوومەت و گەلی ئیتالیا کرد. هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمه ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی مێژوویی و دێرینی ئیتالیايه لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پێزانینێکە بۆ هه‌موو ئەوانه‌ى بەشدارییان لە بنیاتنان و بەهێزکردنی پهيوهندييهكاندا کردووە.
ئه‌مه ده‌قى وته‌ى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه:
به‌ڕێز باڵیۆزى ئيتاليا،
به‌ڕێز كونسوڵی گشتيی ئيتاليا له هه‌رێمى كوردستان،
به‌ڕێزان جەنابی پاتریارك و پیاوانی ئایینی،
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئێواره‌تان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن.
خۆشحاڵم و شانازی دەکەم به وه‌رگرتنى ئه‌م ميداليايه. پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جه‌نابى سەرۆککۆمار، سێرجیۆ ماتارێلا و حکوومەت و گەلی ئیتالیا دەکەم بۆ ئەم ڕێزلێنانە باڵایە.
ئه‌مه ڕێزلێنانه بۆ پەیوەندیی مێژوویى و دێرینی ئیتالیا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوکات پێزانینه بۆ هەموو ئەوانه‌ى لە ساڵانی ڕابردوودا بە دڵسۆزییەوە کاریان بۆ بنیاتنان و بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە کردووە.
ئیتالیا هەمیشە هاوبەش و دۆستێکی جێگەی متمانەی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە و بەردەوامە. ئێمە هەڵوێستە سیاسییەکان و پشتگيريى دیپلۆماسیی بەردەوامی ئيتاليا به‌رز دهنرخێنين و شانازی بەو ڕۆڵە گرنگەوە دەکەین کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژى داعشدا گێڕاویەتی.
پشتگيريى سەربازیی ئیتالیا، ڕاهێنان و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و پشتيوانيكردنى له هێزە عێراقییەکان، کاریگەرییەکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق به‌گشتى و تێکشکاندنی تیرۆر و داکۆکیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكەمان.
ئەمڕۆش، ئێمە بە بەردەواميی ئەم هاوکارییە خۆشحاڵين، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بنیاتنانی تواناکانیان. ئەم هاوکارییە بە وەبەرهێنان لە ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکەدا دەبینین.
هەروەها، پێزانینى زۆرمان بۆ بەشداریی به‌رچاوى ئیتالیا هەیە لە پاراستنی کو‌لتوور و میراتی مرۆڤایەتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوەش لە ڕێگەی تیمەكانى شوێنەوارناسیی زانكۆ ئیتالییەكانهوە کە کار و توێژینەوەی زانستیی گرنگیان ئەنجامداوە، هێشتاش بەردەوامن و بەشدارییان کردووە لە لێکۆڵینەوە، پاراستن و نۆژەنکردنەوەی چەندین پێگەی شوێنەواری و مێژوویی لە كوردستان و عێراق. ئەمە ڕەنگدانەوەی بایەخدانی قووڵی ئیتالیایە بە شارستانیەتی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیتالیادا تەنها لە سنووری سیاسەت و ئاسایش‌دا نامێنێتەوە، بەڵکوو کایەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، کو‌لتوور، خوێندن و شوێنەواریشى لەخۆ گرتووە. ئێمە چاوەڕوان و خوازيارين ئەم هاوبەشییە فراوانتر بکەین بە شێوه‌يه‌ک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا بکات، هاوکاریی نێوان دامەزراوەکانمان بەهێزتر بکات و ئاسۆیەکی نوێ بێت بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
كڕينى زه‌وى و دروستكردنى بيناى كونسوڵخانه‌ى گشتيى ئيتاليا له هه‌رێمی كوردستان، نيشانه‌ى نيازى ئيتاليايه بۆ بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كان و مانه‌وه‌يان له هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر لەم بۆنەیەدا، ده‌مه‌وێ جەخت لەوە بکەمەوە کە هەرێمی کوردستان وه‌ك به‌شێكى گرنگى عێراق، بۆ هەمیشە بە نیشتمانێکی ئارام بۆ سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانی دیكە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان، لێبوردەیی و قبووڵکردنی ئەویتر و ڕێزگرتن له مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادييهكان و مافه‌كانى ئافره‌ت. ئێمە شانازی به‌م كولتووره‌وه دەکەین كه بەشێکی ڕەسەنی ناسنامەی گه‌لى كوردستانه بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش دووپات بكه‌مه‌وه كه هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار و كارا دەمێنێتەوە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و لە ناوچەکەدا و بەردەوام دەبێت له بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ و پتەو لەگەڵ ڕۆما، هه‌روه‌ها لەگەڵ سەرجەم پایتەختەکانی ئەورووپا و جیهان و ناوچه‌كه‌دا لەسەر بنەمای گفتوگۆ، ڕێز و پەیوەندیی هاوبەش.
لێرەوە دووبارە سوپاس و پێزانینى قووڵم بۆ ئەم ڕێزلێنانەی ئەمڕۆ دەردەبڕم. بە ناوی گەلی کوردستان و عێراق و بە ناوی هەر يه‌كێك کە لە به‌هێزكردنى دۆستایەتيی نێوان هەردوولادا؛ بەشدار بووە، به شانازييه‌وه ئەمڕۆ ئەم میدالیایە وەردەگرم. سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە كاریان كردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییەی كە ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیادا هەیه.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و هيواى ئێواره‌يه‌كى خۆش بۆ هەمووتان ده‌خوازم.
زۆر سوپاس.