هەموو ساڵێک لە ٣/٥ بە شکۆوە یادی ڕاپەڕینی پیرۆز دەکەین، ئەمساڵیش لە یادی (٣١)همین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و گشت ئەوانەی لە پێناو ئازادی بۆ کوردستان ئازارێکیان چەشتووە، دەکەم.
لە ٥ ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی ئازا و بوێری شاری ڕانیە بە پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە (بەرەی کوردستانی) لە دژی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و بوون بەسەرمەشقی ئازادی و دەستپێک و دەروازەی ڕاپەڕین لەسەرتاسەری کوردستان، ڕاپەڕین بۆ گەلی کورد وەرچەرخانێکی مێژوویی و قۆناغێک بوو لە قۆناغەکانی خەباتی شۆرشگێڕی و دەرچوون لە ژێر جڵەوی ستەمگەرایی و هەنگاونان بۆ قۆناغی حوکمڕانییەکی خۆماڵی.
هەماهەنگی ئەوسای نێوان خەڵکی کوردستان و یەکڕیزی و تەباییی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕۆژانی سەختی خەباتی شاخ دا ڕاپەڕینی بەرهەمهێنا و بوو بە سەروەری بۆ گەلی کوردستان و بە دیهێنانی زۆر لە خەون و ئاواتەکان، هەروەها دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینەیە کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە ئاراوە، ئەرکی سەرشانی هەموومانە لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسی و ئابوورییەی تێیکەوتووین، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئەم قەوارەیە بپارێزین و هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و خزمەتێکی شایستەتر بۆ گەلی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٢/٣/٥