Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ره‌خۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ى د. شه‌فيق قه‌زاز ده‌كات

2020-10-23T04:31:40.000000Z
لێدوان

زۆر بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوایيی نووسه‌ر و ڕووناکبیر و سياسه‌تمه‌دارى ديارى كوردستان (د. شەفیق قەزاز)م پێگەیشت. خوالێخۆشبوو لەو تێكۆشه‌ر و ڕۆشنبیرە پێشەنگ و دڵسۆز و نيشتمانپه‌روه‌رانه‌ بوو، كه‌ هەموو ژيان و تەمەن و توانای خۆی بۆ خزمەتی كوردستان لە شۆڕش و خەباتی سیاسی و ديپلۆماسی و ڕووناکبیری و ئه‌کادیمیدا بەسەر برد و خزمه‌تێكى زۆر‌ى پێشكه‌ش به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ى كرد.

خوالێخۆشبوو له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشدا ديپلۆماتكارێكى به‌توانا و لێهاتوو و له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا وه‌زيرێكى سه‌ركه‌وتووى كارامه‌ بوو، له‌ سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌كاديمياى كوردى و له‌ بوارى نووسين و ڕۆشنبيريشدا خزمه‌تێكى به‌رچاوى پێشكه‌ش كرد و جێپه‌نجه‌ى به هه‌موو ئه‌و بوارانه‌وه‌ دياره‌، كه‌ خزمه‌تى تێدا كردووه‌.

به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکارە بەڕێزەکەی دەکەم و هاوسۆز و هاوبەشی خەم و په‌ژاره‌يانم، لە خوای مەزن داواکارم گيانى خوالێخۆشبوو بە به‌زه‌يى و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە هه‌مووان ببه‌خشێت. يادى ئه‌و بۆ هه‌ميشه‌ به‌ زيندوويى ده‌مێنێته‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

23/10/2020