
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/11/25 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز پیتەر شتێپانێك، باڵیۆزی تازەی كۆماری چێک لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی، هەموو پشتگیرییەكی بۆ سەركەوتنی كار و ئەركەكانی بەڕێز باڵیۆزی تازەی چیك لە عیراق دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دێرینەكانی كۆماری چیك لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان كردەوە بەتایبەتیش لە بوارەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و كولتووری و ئەكادیمی و ئەو بوارانەی بۆ هەردوولا گرنگن.
ڕۆڵی باڵیۆزخانەی چیك لە بەغدا و كونسولخانەیان لە هەولێر، پەتای كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، دۆخی عیراق و هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی، شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش، پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
