Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى ديوان له‌گه‌ڵ كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

2024-01-24T14:42:43.000000Z
هه‌واڵ ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/1/24 به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مارك سترۆ، كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان و پرۆسه‌ى چاكسازيى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى كرده‌وه‌ و دوايين به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى گفتوگۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند.

دوا پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و لێكه‌وته‌كانى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.