Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى به‌ريتانيا، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

2022-02-15T07:37:50.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/2/15 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مارك برايسۆن ڕيچاردسۆن، باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عيراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پرۆسه‌ى سياسى له‌ عيراق، هه‌ڵبژاردن و ئاكامه‌كانى، دانيشتنى يه‌كه‌مى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تيى په‌رله‌مان، هه‌نگاوه‌كانى دواى ئه‌وه‌ و گرنگيى پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ عيراق، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، دواى خستنه‌ڕووى پوخته‌يه‌ك ده‌رباره‌ى كۆى دۆخه‌كه‌، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به‌ ئارامى و سه‌قامگيرييه‌ بۆ ئه‌وه‌ى‌ بتوانرێت به‌رنامه‌يه‌ك جێبه‌جێ بكرێت كه‌ له‌ به‌رژوه‌نديى ته‌واوى پێكهاته‌كانى عيراقدا بێت.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا كرده‌وه‌ و لايه‌نى به‌ريتانى سوپاسى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا. هه‌روه‌ها باس له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ كرا.

لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان بوو. تيايدا باس له‌ په‌يوه‌نديى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كرا و تيشك خرايه‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى نووسينه‌وه‌ى ده‌ستوور.

له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌نده‌ به‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتى خۆيدا بكرێن و ده‌ستووريش ده‌بێ كۆكه‌ره‌وه‌ و په‌سه‌ندى هه‌مووان بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ به‌غداش هه‌ماهه‌نگى بكرێت.