Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سه‌رپه‌رشتیی کۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی ده‌کات

2020-11-09T16:49:14.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 9/11/2020 له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتيى به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانى، هاوسه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای به‌خێرهێنان و سوپاسكردنى شاندى هه‌ردوولا له‌لايه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، تيشك خرايه‌ سه‌ر بارودۆخى سياسى به‌گشتى و بارودۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و گيروگرفتانه‌ى به‌رۆكى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستانيان گرتووه‌، به‌تايبه‌تى له‌ڕووى ئابوورى و داراييه‌وه‌ كه‌ به‌هۆى لێكه‌وته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆناوه‌، جيهان و عێراق و هه‌رێمى كوردستانى گرتووه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێزيان جه‌ختى له‌ گرنگيى كارى هاوبه‌شى نێوان سه‌رجه‌م لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تايبه‌تى نێوان پارتى و يه‌كێتى كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانى نيشان دا بۆ پاڵپشتى و هاوكاريى سه‌رخستنى كارى پێكه‌وه‌يى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌موو لايه‌نه‌كان.

دواتر شاندى هه‌ردوولا گفتوگۆى ڕاشكاوانه‌ و به‌رپرسانه‌يان له‌سه‌ر كۆى پرسه‌كان كرد و دووپاتى به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شيان به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ى سياسى و حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌. هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ پێويسته‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوى جددى و كرده‌يى بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كانى نێوانيان و هه‌موو تواناكانيان بخرێنه‌ گه‌ڕ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌ و پشتيوانيى دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بۆ خزمه‌تكردنى هاووڵاتيان.

بارودۆخى ئه‌منيى هه‌رێمى كوردستان و ڕێزگرتن له‌ قه‌واره‌ى سياسى و ده‌ستووريى هه‌رێم ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو. هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌ركى هه‌موو لايه‌كه‌.

هه‌ردوولا پشتگيريى خۆيان بۆ ئاماده‌كارييه‌كانى حكوومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق دووپات كرده‌وه‌ و له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكاريى نێوان نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا و دووپاتى به‌رده‌واميى ئه‌و هه‌ماهه‌نگييه‌ كرايه‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌ سياسى و ئيدارييه‌كانى نێوان هه‌ردوولا كرا، لە نێویشیاندا بابەتی لامەرکەزییەت لە هەرێمی کوردستان. هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات کردەوە بە ڕێکكەوتنی سیاسيی نێوانیان و بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەکردنی لامەرکەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاريه‌تيى ھاوبەش و نەهێشتنی ڕۆتین لە ڕایيکردنی کاری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان. لەم ڕووەوە هه‌نگاوه‌كان به‌ ئه‌رێنى هه‌ژمار كران و دووپاتى به‌رده‌واميى كارى هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنى ته‌واوى ڕێككه‌وتنه‌كان كرايه‌وه‌ و ميكانيزمى گونجاو له‌و ڕووه‌وه‌ بڕيارى لێدرا.

له‌ كۆتاييى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دووپاتى به‌رده‌واميى كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى له‌ناو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا كرايه‌وه‌ كه‌ ئامانج لێى خزمه‌تكردنى هاووڵاتيان و تێپه‌ڕاندنى ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌ى سه‌ر شانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بێت.