![](https://presidency.gov.krd/uploads/old_images/2021/09/NB_Ber-nusinget-EU-23-9-2021.jpeg)
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23/9/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ بەرپرسی ئۆفێسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆك نێچیرڤان پیرۆزباییی دەستبەكاربوونی لە خاتوو پارێ كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست، هەروەها جەختى لە خواستى پتەوكردنی بوارەکانى هاریکارى و پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا کردەوە و دوایین سەردانى بەڕێز جۆزێپ بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپاى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە خاتوو پارێ پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی ئەورووپاى لە عیراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، هەروەها سوپاسی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە كاتی سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان لە بەڕێز جۆزێپ بۆرێل بەرپرسیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەكێتیی ئەورووپا كرا و گوتى بەڕێز بۆرێل بە پەرۆشەوە چاوەڕێیە لە برووکسل دیدار و کۆبووەنەوە لەگەڵ سەرۆك نێچیرڤان بارزانى ئەنجام بدات.
تاوتوێكردنی هەڵبژاردن و پێشبینییەکان بۆ داهاتووى عیراق، ڕۆڵی یەكێتیی ئەورووپا لە دابینكردنی تیمی چاودێری بۆ هەڵبژاردن، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گرنگیى چارەسەرکردنى کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، پرسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كاریگەری لەسەر عیراق و هەرێمی كوردستان و سوودمەندبوونی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەمابەرەیەوە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
![](/uploads/old_images//2021/09/NB_Ber-nusinget-EU1-23-9-2021.jpeg)