Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق كۆبووه‌وه‌

2022-11-22T10:42:05.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/11/22 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز فايق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بيروڕايان ده‌رباره‌ى ميكانيزمى پشتگيرى له‌ دادوه‌رى و دابينكردنى هه‌موو پێويستييه‌كانى سه‌ركه‌وتنى كارى دادگاكان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان گۆڕييه‌وه‌ و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان و گه‌ياندنى وڵات به‌ كه‌نارى ئارامى.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، جه‌ختى له‌ گرنگيى ڕۆڵى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ سه‌قامگيرى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا كرده‌وه‌ و به‌تايبه‌تى ئاماژه‌ى به‌ ئاماده‌يى و ڕۆڵى كاراى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵا دادوه‌ريى عێراق كرد.