Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سكرتێرى گشتیی UN كۆبووه‌وه‌

2020-07-08T16:13:52.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8/7/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ خاتوو جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كيشه‌كانى نێوانيان تاوتوێ كرا كه‌ تيايدا خاتوو پلاسخارت پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى بۆ به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌ردوولا دووپات كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند: هه‌ردوولا هان ده‌ده‌ين له‌ گفتوگۆ و هه‌وڵدان بۆ گه‌يشتن به‌ چاره‌سه‌ر، به‌رده‌وام بن. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێك له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌يه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا هه‌ردوولا باسيان له‌ دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر لێكه‌وته‌ هه‌مه‌لايه‌نه‌كانى و ڕێكار و هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌.