Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

2021-06-21T13:31:39.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/6/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماتيو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عيراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عيراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوه‌خته‌ى عيراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، ڕۆڵ و سياسه‌تى ئيداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عيراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، تاوتوێ كران.

به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا له‌ هاوبه‌شى و هاريكارى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كان و دۆستانى له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هاوڕا بوو كه‌ تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ى جددى و راسته‌قينه‌ن و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى و به‌رده‌واميى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان پێويستن.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكاى به‌ به‌رده‌واميى هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانه‌كانى له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌ په‌يامێكى گرنگ و مايه‌ى دڵنيايى له‌ قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان به‌ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكارى و هاوبه‌شيى نێوانيان كرده‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌دا به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌رچوونى خولێكى ديكه‌ى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان له‌ دهۆك نيشان دا و پيرۆزبايى له‌ ده‌رچووان كرد، هه‌روه‌ها پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

به‌رنامه‌ى كارى سه‌ردانى به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا بۆ‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى مه‌ڵبه‌ندێكى كه‌له‌پوورى‌ سريانى، پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.