Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى گشتيى كۆرياى باشوور كرد

2022-01-25T11:49:18.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/1/25 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز چۆی کوانژین كونسولى گشتيى كۆرياى باشوور له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى كۆتايى دێت.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى ماڵئاوايى، سوپاسى كار و هه‌و‌ڵه‌كانى كرد بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆرياى باشوور و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى تازه‌يدا بۆ خواست. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ ڕۆڵى تيمى زه‌يتوونى سه‌ربازيى كۆرى و ئاژانسى كۆيكا و گه‌ل و حكوومه‌تى كۆرياى باشوورى كرد كه‌ هاوكارييان پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى كۆرياى باشوور، سوپاس و پێزانينى بۆ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌ركه‌كه‌يدا، هاوكار و پشتيوانى بوون و هيواى خواست په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ بره‌ودان بن.