پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، چوارشەممە، ١٠/٥/٢٠٢٣، بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، پێشوازی لە خاتوو ڕۆزی کەیڤ کۆنسوڵی گشتی و خاتوو کاترین شۆ جێگری کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و یەکڕیزی و تەبایی و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
بهڕێز جێگری سەرۆک بەبۆنەی تاج لەسەرنانی شا چارلسی سێیەم، پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی بەریتانیا کرد و وێڕای سوپاسیی پشتیوانی و هاوکاریی بەردەوامی بەریتانیا، جەخت لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردولا کرایەوە.
لە درێژەی دیدارەکەدا بهڕێز جێگری سەرۆک بە بایەخەوە باسی لە پاراستنی ئازادیی ڕادەربرین و ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد بە ئامانجی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو ئازادی و دیموکراسیی زیاتر هەنگاو بنێت.
دواتر هەردوولا جەختیان لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، کردەوە.
بهڕێز جێگری سەرۆک دووپاتی کردەوە کە چاکسازی و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندیی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا، زامنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکەدا دەکات.