Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ فەرماندەی سەربازیی هێزە هۆڵەندييه‌كان کۆبووەوە

2023-08-07T15:02:19.000000Z
هه‌واڵ ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٨/٧ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کەیس مارسێلیس، فەرماندەی سەربازیی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتیی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هۆڵەندا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی ئەمنيی ناوچەکە، مەترسییەکانی پاشماوەی داعش، یارمەتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چەند پرسێکی گرنگی هاوبەش، تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و گرنگيی هێزەکانی هاوپەیمانانیی دژ بە داعشی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیريی ئاسایش بۆ ناوچەکە بەرز نرخاند، هەروەها سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەشدا، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکان و گرنگيی بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆسەیە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی گرنگن بۆ خزمەتکردنی یەکخستنەوەکە.

لای خۆیەوە بەڕێز کۆڵۆنێڵ کەیس مارسێلیس، جەختی لە بەردەوامبوون و برەودانی زیاتر بە پەیوەندی و هاریکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ‏کردەوە، هەروەها بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی ڕوانی.