Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسولی گشتیی ئەمەریکا کرد

2023-08-08T13:22:24.000000Z
هه‌واڵ ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٨/٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئیرڤن هیکس جوونیەر، کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەیان، سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی هه‌رێمی كوردستانیان کردبوو.

لە دیدارێكدا بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاس و ستایشی ئەرک و کاروبارەکانی بەڕێز ئیرڤن هیکسی لە ماوەی كاركردنی وەک کونسولی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی كوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست، هەروەها تیشکی خستە سەر یەکڕیزی و یەکدەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوونی گفتوگۆ و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییه‌كانى بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەشەوە هەنگاوی جددیی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بنەمای دەستوور، بە پێویست زانی.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسولی گشتیی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاریکاری و برەودان بە پەیوەندییەکانیان و پاڵپشتیکردنی وڵاتەکەیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیريی دۆخی سیاسیی ناوچەکە، هەروەها هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی بە گرنگ زانی بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.