پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢١/٢/٢٠٢٣، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەیمی هامیل جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و كاثرين شۆ جێگری نوێی کونسوڵی بریتانیا لە هەرێمی كوردستان کرد.
لەدیدارێکدا کە بەڕێز هامیل بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستانی کردبوو، بەڕێز جێگری سەرۆک، وێڕای ستایشكردنی پشتیوانی و هاوکارییەکانی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاوازەكاندا، هەروەها هیوای بەردەوامی و فراوانتركردنی پەیوەندییەکانی هەردوولای خواست.
دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، نەخشەڕێی چارەسەریی کێشەکان و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.