Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆك پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی فەرەنسا دەكات

2022-12-20T13:00:39.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠/١٢/٢٠٢٢، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئۆلیڤێ دیکۆتینی، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان کرد.

لە دیدارێکدا دەربارەی هەڵومەرجی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، قەیران و ئاڵنگارییەکان و مۆدێلی حکومڕانی و هاوکێشە هەرێمییەكان و داهاتوی ناوچەکە گفتوگۆ كرا و لەسەر گرنگیی ڕێکكەوتن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا هاوڕا بوون، هەروەها بەبایەخەوە باسیان لە پێویستیی دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

لای خۆیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە گرنگیی چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵک کردەوە، بە ئامانجی بەهێزبونی متمانەی نیشتمانی و سەقامگیریی سیاسی و ڕەواندنەوەی نیگەرانیی هاوڵاتییان.

هەردوولا بە پێویستیان زانی وزە و توانای لایەنە سیاسییەکان بۆ هاتنەدی نەخشەڕێگایەکی نیشتمانی ئاراستە بکرێت و جەختیان لە فراوانكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی پشتیوانیی فەرەنسا بۆ گەلی کوردستان كردەوە.