Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سێ دادوه‌رى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن

2023-12-24T10:26:27.000000Z
هه‌واڵ

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2023/12/24 له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا له‌به‌رده‌م به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و پاش ئه‌وه‌ى فه‌رمانى هه‌رێمييان بۆ ده‌رچوو، هه‌ريه‌ك له‌ به‌ڕێزان دادوه‌ر جاسم جه‌زا جافر، دادوه‌ر‌ جاسم محه‌مه‌د مسته‌فا و دادوه‌ر تاهر عه‌لى حه‌سه‌ن بۆ ئه‌نداميه‌تيى دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، سوێندى ياسايييان خوارد و ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

له‌ ڕێوره‌سمه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و جێگرانى و سه‌رۆكى داواكارى گشتى ئاماده‌ بوون، دواى سوێندخواردن، له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پيرۆزبايى و هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ‌ دادوه‌رانى به‌ڕێز، جه‌ختى له‌ پارێزگارى و پشتيوانيى ته‌واوى خۆى بۆ سه‌ربه‌خۆييى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادگاكان كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ ببێته‌ مايه‌ى جێبه‌جێبوونى دادوه‌رى، هه‌روه‌ها جێى دڵنيايى و متمانه‌ى هاووڵاتيان.

له‌ چوارچێوه‌ى بايه‌خدان به دامه‌زراوه‌ى دادوه‌ريدا و بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداويستييه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى شازده‌هه‌م له‌ ماده‌ى ده‌يه‌مى ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ـ عێراق، ژماره‌ يه‌كى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو و له‌به‌ر ڕۆشناييى داواكاريى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ريى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دامه‌زراندنى ئه‌و سێ دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ بۆ دادگاى پێداچوونه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان واژۆ كردووه.