Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک جەخت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە ‏

2022-12-07T13:21:36.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمە، ٧/١٢/٢٠٢٢، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری ‏سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی سەرەکيی خۆی لە هەولێر، پێشوازی لە ‏دەیڤید هەنت، کونسوڵی گشتيی بەریتانیا و شاندێكى یاوەری کرد. ‏

لەو دیدارەدا کە کونسوڵی گشتيی بەریتانیا بەمەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ‏ئەرکەکەی سەردانی جێگری سەرۆکی هەرێمی کردبوو، تيایدا باس لە بارودۆخی ‏سیاسی و ئەمنيی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و پەیوەندییەکانی ‏هەولێر و بەغداش خرایە بەرباس. ‏

به‌ڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە گرنگی و پاراستنی هەرێمی کوردستان کردەوە و ‏بە بایەخەوە باسی لە بوونی دید و ستراتیژێکی نیشتمانی کرد. ‏

لە درێژەی دیدارەکەدا، به‌ڕێز جێگری سەرۆک تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە دۆخی ‏ناوخۆی هەرێم و گوزەرانی خەڵک و چاکسازی خستە ڕوو. هەردوولا هاوڕا بوون ‏لەسەر گرنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر ئاستی ‏کەلتووری و سیاسی و خوێندنی باڵا و ئابووری و بازرگانی و ڕەخساندنی زەمینەی ‏زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان. ‏

لە کۆتاییدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی پشتیوانییەکانی بەریتانیا و ‏هاوپەیمانانی کرد لەپێناو سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ ‏نەهێشتنی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان، هەروەها باشترکردنی ‏پەیوەنديیەکانی هه‌ولێر ـ بەغدا. به‌ڕێز کونسوڵی گشتيی بەریتانیا دووپاتی کردەوە ‏کە ئەوان له‌ پشتگيريى و هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان بەردەوام دەبن.‏