Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ كۆچى دواييى نووسه‌ر و ڕووناكبير عه‌دنان حسێن

2019-10-10T16:33:47.000000Z
لێدوان

به‌بۆنه‌ى كۆچى دواييى ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری ناسراوی عێراق عەدنان حسێن ـه‌وه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى به‌ڕێزى خوالێخۆشبوو و كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێيانى و ته‌واوى گه‌لانى عێراق ده‌كه‌ين و هاوخه‌ميانين.

عەدنان حسێن دۆستێکی دڵسۆز و ڕاستەقینەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و تێکۆشەرێکی بوێر و ماندوونەناسی بزاڤی دیموکراتی نیشتمانیی عێراق و قەڵەمێکی بە بڕشت و ناوێکی دیارى ڕووناکبیری و مەدەنیەتخوازی بوو. لەگەڵ باوەڕەکانی خۆی ڕاستگۆ بوو، هەر لەو پێناوەشدا ساڵانێک لە چیاکانی کوردستان شانبەشانی پێشمەرگە چەکی خەبات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کردە شان.

عه‌دنان حسێن بە هەڵوێست و بە قەڵەم و بە بیر و باوەڕی ڕۆشنگەرانەی، هەموو ژیانی خۆى بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادوه‌ريى کۆمەڵایەتی و لێبوردەیى و لە دژی شۆڤێنیزم و دیکتاتوری تەرخان کرد، هەر لەو ڕوانگه‌ مرۆيیەشەوە بە دڵ په‌رۆش و پشتیوانی گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی بوو. یاد و هەڵوێستەکانی، لە ویژدانی گه‌لى کوردستاندا بۆ هه‌ميشه‌ بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

گيانى ئه‌و شاد و سه‌بوورى و دڵنه‌وايى بۆ هه‌مووان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

10/10/2019