Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى بازرگانيى عێراق، تاوتوێى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن‌

2024-05-07T09:01:15.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/5/7 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌سير داوود ئه‌لغورێرى، وه‌زيرى بازرگانيى عێراقى فيدراڵى كه‌ ئێستا به‌ سه‌ردانێك له‌ تارانه‌، په‌يوه‌ندى و ئاستی جووڵه‌ى بازرگانيى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا بيروڕايان ده‌رباره‌ى بواره‌کانی بازرگانى و چالاكيى ئابووريى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا و چۆنيه‌تيى ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌ت و زه‌مينه‌ى باشترى بازرگانى و نه‌هێشتنى به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى گۆڕييه‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه جه‌ختيان له‌ گرنگيى فراوانكردنى كه‌رتى بازرگانیی نێوانیان كرده‌وه‌ که‌ کاریگه‌ریی ئه‌رێنی به‌سه‌ر بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌ردوولادا ده‌بێت.