Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌

2024-01-08T13:01:27.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2024/1/8 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز د. ئه‌ندريا ناسى، باڵيۆزى نوێى نه‌مسا له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز ناسى كرد كه‌ پله‌ى نوێنه‌رايه‌تيى وڵاته‌كه‌ى له‌ عێراق بۆ باڵيۆزخانه‌ به‌رز بووه‌وه‌ و به‌ڕێزيان وه‌ك باڵيۆزى نه‌مسا له‌ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى نه‌مسا سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بواره‌كانى سياسى، ئابوورى و كولتووريدا. له‌مباره‌يه‌وه‌ باس له‌ نيازى نه‌مسا بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان كرا.

دۆخى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.