Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سه‌رۆكى ڕه‌وتى حيكمه‌ كرد

2023-10-10T12:02:56.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/10/10 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌يد عه‌ممار ئه‌لحه‌كيم سه‌رۆكى ڕه‌وتى حيكمه‌ی نیشتمانی‌ و شاندێكى ياوه‌رى، ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا به‌رده‌واميى گفتوگۆى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيان بۆ لێكگه‌يشتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و به‌پێى ڕيككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان به‌ پێويست و گرنگ زانى، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ كارى پێكه‌وه‌يى و هاوبه‌شى لايه‌نه‌كان بۆ پاراستنى سه‌قامگيريى سياسى له‌ وڵات كرده‌وه‌.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.