هه‌ر له كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له ئه‌ڵمانيا، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2024/2/18، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو كايا كالاس سه‌رۆك وه‌زيرانى ئيستۆنيا، كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى ئيستۆنيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له بوارى ئه‌منيدا، ڕۆڵى هێزه‌كانى ئيستۆنيا له چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا له هه‌رێمى كوردستان باس كرا و تيشكيان خسته سەر دۆخى ئه‌منيى و سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له خواستى هاوبه‌ش بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كان له هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه. هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه به بايه‌خه‌وه باس له سه‌ردانى ناوه‌ڕاستى مانگى ڕابردووى سه‌رۆك ئالار كاريس سه‌ركۆمارى ئيستۆنيا و شاندى ياوه‌رى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له هه‌ولێر كرا. لاى خۆيه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى ڕۆڵى هێزه‌كانى ئيستۆنياى له هه‌رێمى كوردستان كرد.
گۆڕينه‌وه‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ڕه‌وشى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له غه‌ززه و ئۆكرايينا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.