Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌لسوودانی كۆبوونه‌وه‌

2024-04-06T17:17:12.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی هه‌واڵ

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6/4/2024، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تێڕوانینی هاوبه‌ش بۆ ته‌واوی پرس و بابه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا خرایه‌ به‌ر باس.

له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پابه‌ندیی حكوومه‌تی فیدراڵ کرده‌وه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و به‌پیره‌وه‌چوونی داواكاریی هاووڵاتیان له‌ هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێویستیی پشتگیریی دامه‌زراوه‌ فیدراڵییه‌کان و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داکۆکی له‌ گرنگیی پشتگیریی ته‌واوی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق له‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازیی حكوومه‌تی فیدراڵ كرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردنی گه‌شه‌پێدانی ته‌واو له‌ وڵات و تێپه‌ڕاندنی كێشه‌ و به‌ربه‌سته‌کانی به‌رده‌می له‌ بواری كارگێڕی و جێبه‌جێكاریدا.