Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان ده‌كات

2023-05-17T18:37:05.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی پەیام و پەیوەندی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/5/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆمارى توركيا، به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاك پارتى)يه‌وه له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيادا‌، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێزيان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيدا بۆ خواست.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا ده‌ڕوانێت و خۆشحاڵى به‌ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ديموكراسى و ڕێكوپێكى و ئاراميى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ڕێژه‌ى به‌رزى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا ده‌ربڕى.

به‌ڕێزيان بڕوا و گه‌شبينيى خۆى به‌ سه‌ركه‌وتنى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى توركيادا نيشان دا، هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنى به‌ڕێزيانى به‌ گرنگ و پێويست بۆ گه‌لى توركيا و ئێستا و قۆناغى داهاتوو له‌ قه‌ڵه‌م دا.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سوپاس و پێزانينى خۆى و ئاك پارتى بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.