Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

2022-11-26T19:31:32.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022.11.26 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى كۆنگرێسمان به‌ڕێز مارك تاكانۆ كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك ئه‌ندامانى كۆنگرێس و ديپلۆماتكاران پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ خاتوو ئالينا ڕۆنامۆوسكى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوو، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گۆڕينه‌وه‌ى زياترى شاندى نێوانيان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و شه‌ڕى دژى داعش، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ته‌بايى و هاريكاريى نێوان لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان و پشتگيريكردنى حكوومه‌تى نوێى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كارنامه‌كه‌ى و پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاراميى سنووره‌كان و سه‌روه‌ريى عێراق كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه‌ هاريكارى بكه‌ن.

شاندى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى وێڕاى پێزانين و ستايش بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌يان به‌ بايه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكايان بۆ به‌رده‌واميى هاوبه‌شيى ستراتيژى و پشتگيرى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا و هه‌روه‌ها بۆ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مه‌ريكا له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

پێويستيى خێراكردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.