Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

2023-02-18T17:06:58.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ديداره‌كانيدا له‌ ميونشن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 2023/2/18 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له كۆبووه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى سيناتۆر به‌ڕێز ليندزى گراهام که‌ له‌ ژماره‌یه‌ک سیناتۆری هه‌ردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پێکهاتبوو، باسيان لە په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و شاندى كۆنگرێس به‌رده‌واميى پشتگيريى كۆنگرێسى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى ڕۆڵ و پێگه‌ى عێراق بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش.

دوايين پێشهاته‌كانى سووريا به‌تايبه‌تى و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.