ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/3/1 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز لۆرد تارق ئه‌حمه‌د وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى به‌ريتانيا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريكا و نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا لۆرد ئه‌حمه‌د جه‌ختى له خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه به‌ريتانيا به بايه‌خه‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ڕوانێت و پێى وايه سه‌قامگيرى و په‌يوه‌نديى باشى هه‌ولێر ـ به‌غدا، عێراق به‌هێزتر ده‌كات له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كاندا، ستايش و پشتگيريى وڵاته‌كه‌يشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نيشان دا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان باڵيۆزى به‌ريتانيا له عێراق و كونسوڵى گشتييان له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان تاوتوێ كرد. له‌مباره‌يه‌وه سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له هه‌وڵى به‌رده‌وامدايه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى يه‌كڕيزى له هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، بره‌و به پێشكه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له ناوچه‌كه و له‌سه‌ر ئاستى جيهان ده‌دات و ده‌ر‌فه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى زياتر ده‌كات.
پرسه‌كانى هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمى كوردستان، ياساى نه‌وت و گاز و بودجه‌ى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له ئۆكراينا و چه‌ند بايه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.