Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى هاوپه‌يمانان كۆبووه‌وه‌‏

2023-09-21T11:57:46.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2023/9/21 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ جۆول ڤاوڵ فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى ‏هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى ‏داعش له‌ عێراق و سووريا، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و دوايين ‏هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و گرفته‌كانى به‌رده‌مى تاوتوێ ‏كران.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌م له‌ عێراق و هه‌م له‌ سوورياش، ده‌بێ ‏هه‌موو لايه‌نه‌كان هاوكار بن بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كه‌ هێشتا ‏هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ بۆ سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌. هه‌ر ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بوون كه‌ ده‌بێ ئه‌وانه‌ى له‌ ده‌ستى داعش ڕزگار ده‌كرێن، يان ‏كه‌مپه‌كان جێده‌هێڵن، شياندنيان بۆ بكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ نێو كۆمه‌ڵگه‌، هه‌روه‌ها ‏تيشكيان خسته‌ سەر چۆنيه‌تيى ڕێگريكردن له‌ توندڕه‌وى.‏

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا ئاماژه‌يان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ پرۆسه‌ى ‏چاكسازى و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دا وێڕاى هه‌ندێ پێشكه‌وتن، به‌ڵام كێشه‌ى ‏جددى له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا هه‌ن و پێويسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى، پابه‌نديى هه‌رێمى كوردستانى به‌ به‌رده‌واميى كاركردن بۆ ‏سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دووپات كرده‌وه‌.‏

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان ئاماده‌ى بوو.‏