Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى به‌رگرى و وه‌زاره‌تى هاريكاريى ئابوورى و گه‌شه‌پێدانى ئه‌ڵمانى كۆده‌بێته‌وه‌

2022-02-19T14:52:35.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2022/2/19 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌راوێزى كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن له‌ دوو ديدارى جيادا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز تۆماس هيتشله‌ر وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى و به‌ڕێز نيلز ئه‌نين وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت بۆ هاريكاريى ئابوورى و گه‌شه‌پێدانى ئه‌ڵمانيا كۆبووه‌وه‌.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاريكارى و پشتگيريى مرۆيى و سه‌ربازيى ئه‌ڵمانيا له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و‌ تيشكى خسته‌ دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌لايه‌ن ئه‌ڵمانياوه‌، هه‌روه‌ها باسى له‌ مه‌شق و ڕاهێنانى هێزه‌ ئه‌ڵمانييه‌كان به‌ پێشمه‌رگه كرد‌.

به‌ڕێزيان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وێڕاى پێويستيى به‌رده‌واميى هاريكارى بۆ له‌ناوبردنى داعش، هه‌رێمى كوردستان له‌ڕووى ژێرخان و بنياتنان و به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كانيشه‌وه، پێويستى به‌ پشتگيرى و يارمه‌تيى ئه‌ڵمانيا هه‌يه‌.

لاى خۆيانه‌وه‌ به‌رپرسانى ئه‌ڵمانى وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵى به‌ ئاستى په‌يوه‌‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختيان له‌ خواستى بره‌ودانى زياتر به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه.

دۆخى سياسى له‌ عيراق، پرسى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و كێشه‌كانى به‌رده‌ميان، هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسيه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌‌ى داعش، ‌دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، بابه‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران و تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، چه‌ند لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كان بوون.