Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

2022-11-02T08:59:20.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/11/2 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو ئێلێنا ڕۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و شاندێكى ديپلۆماسى و سه‌ربازيى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق و پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراقيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ گرنگيى ده‌ستنيشانكردنى كاره‌ له‌پێشينه‌كانى حكوومه‌تى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دامه‌زرانى حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌ره‌فه‌تێكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ده‌توانێت كار بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات بكات كه‌ كاردانه‌ى به‌سه‌ر سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى په‌يوه‌نديى هاوسه‌نگى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ حكوومه‌تى نوێى عێراق ده‌ر‌فه‌تى هه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێگه‌ى خۆشكردنى زه‌مينه‌يه‌كى له‌باره‌وه‌، هانى وه‌به‌رهێنان بدات و سه‌رمايه‌ و كه‌رتى تايبه‌تى بيانى ڕابكێشێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى و هاوبه‌شى له‌ پرۆسه‌ى پێشخستنى وڵاتدا بكه‌ن.

په‌يوه‌ندييه‌كانی ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى خواستى ئه‌مه‌ريكا بۆ بره‌ودان به‌ هاريكارى و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا تيشكى خسته‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و يه‌كخستنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و پشتگيرى و هاريكاريى وڵاته‌كه‌ى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ نيشان دا.

كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌كردنيان، گرنگیی چارەسەر كردنی كێشەی نەوت و غاز لەگەڵ بەغدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى خاوكردنه‌وه‌ى گرژييه‌كان، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا، چاكسازيى ئابوورى، ڕه‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وەرێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسى ديسكى عێراق له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا ئاماده‌ى بوون.