Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان كۆبووه‌وه‌

2024-02-17T11:16:18.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2024/2/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پۆل گاڵاگه‌ر، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌ر‌باره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ڤاتيكان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى پێكهاته‌كان له‌ عێراق و به‌تايبه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕه‌وشى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕ له‌ غه‌ززه و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى‌، گفتوگۆيان كرد.

به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڤاتيكان خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى زياترى په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان نيشاندا و ستايشى دۆخى پێكهاته‌كان و پێكه‌وه‌ژيانى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ قه‌داسه‌تى پاپا به‌ ڕێز و خۆشه‌ويستييه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى به‌رده‌وامى ڤاتيكان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سڵاو و ڕێزى پێشكه‌ش به‌ قه‌داسه‌تى پاپا كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى، وڵاتى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى ده‌بێت.