Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

2024-02-18T09:04:07.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/2/18، له‌ چوارچێوه‌ى سێيه‌مين ڕۆژى به‌رنامه‌ى كاره‌كانيدا له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌ندامى كۆنگرێس به‌ڕێز مايكل تێرنه‌ر، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ڕه‌وشى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوايين پێشهاته‌كانى گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، تاوتوێ كران.

شانده‌كه‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا به‌ بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ وه‌ك هاوپه‌يمان و هاوبه‌شێكى گرنگى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگيريى به‌رده‌وامى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكاى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد.

مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.