Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان كۆبووه‌وه‌

2022-10-16T09:32:08.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2022/10/16 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ماتيو ماكفارلان فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا و شاندێكى ياوه‌رى، ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له‌ عێراق و سووريا، دوا ياداشتى لێكگه‌يشتنى پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكارى و پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ تا له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش و نه‌هێشتنى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانيان له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى. له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌نه‌راڵ ماكفارلان پابه‌نديى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا دووپاتكرده‌وه‌ و هه‌ردوولا هاريكاريى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌يان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌ پێويست زانى.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى پرۆسه‌ى سياسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمارى عێراق و ئه‌ركداركردنى سه‌رۆك وه‌زيرانى ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق، دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.