Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا كۆبوونه‌وه‌

2024-02-18T09:39:39.000000Z
هه‌واڵ په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/2/18، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن له‌ ئه‌ڵمانيا، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ خاتوو سێلێست واڵنده‌ر ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان له‌ عێراق و دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستيان تاوتوێ كرد.

هه‌ردوولا هاواڕا بوون كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ ناوچه‌كه‌ گرنگه‌ و له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌رى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى زياترى لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌، هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كات، ده‌بێ عێراق هه‌موو هه‌وڵێك بدات نه‌خزێته‌ ناو كێشه‌كانه‌وه‌ و قورسايى بخاته‌ سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كاردانه‌وه‌ و كاريگه‌ريى نه‌رێنيى به‌ئامانجگرتن و په‌لاماردانى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرا. له‌مباريه‌وه‌ جه‌خت له‌ پێويستيى ڕێگرتن له‌و‌ كرده‌وانه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ دۆخى ئاساييش و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سه‌روه‌ريى وڵات ده‌كه‌ن.

هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌منيى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى نێوان هه‌ردوولادا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.